گه‌نجه‌كه‌ى خه‌لیفان ماڵه‌ هه‌ژارێكی دیكه‌ى ئاوه‌دانكرده‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هاوڕێ ره‌شید، گه‌نجه‌كه‌ی خه‌لیفان كه‌ به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر باشكردنى ژیانى خێزانه‌ هه‌ژاره‌كانى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى ده‌كات، ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ى دوو رۆژى رابردودا توانیویه‌تى له‌ رێگه‌ كه‌مپینێكه‌وه‌ نزیكه‌ى سێ ملیۆن دینار بۆ ماڵێكى هه‌ژار و بێ باوك دابین بكات.

ئه‌و گه‌نجه‌ ته‌مه‌ن 32 ساڵه،‌ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ له‌ رێى كه‌مپینی جیاجیاوه‌ هاوكارى و یارمه‌تى بۆ خێزانه‌ هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ته‌كانى سنوورى خه‌لیفان كۆده‌كاته‌وه‌‌.

هاوڕێ، به‌ 964ـى وت “له‌ماوه‌ى دوو رۆژى رابردوودا كه‌مپینێكم به‌ تایبه‌ت بۆ ماڵه‌ هه‌ژارێك راگه‌یاند و توانرا دوو ملیۆن و 185 هه‌زار دینار و خۆراكی چوار مانگ و چاره‌سه‌رى بۆ نه‌خۆشه‌كانیان و پێداویستی تریش دابین بكه‌ین”.

وتیشی “ئه‌مڕۆ هاوكارییه‌كانم راده‌ستى ئه‌و خێزانه‌ كرد”.

به‌قسه‌ى ناوبراو، ئه‌و خێزانه‌ى كه‌ كه‌مپینه‌كه‌ى بۆ رێكخستوون بریتین له‌ دایك و شه‌ش منداڵ، دوان له‌ منداڵه‌كانیان نه‌خۆشی ئۆتیزم و ئیفلیجی مێشكیان هه‌یه‌ و مانگانه‌ موچه‌ى خانه‌نشینى باوكیان وه‌رده‌گرن كه‌ 220 هه‌زار دیناره‌، چونكه‌ حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر باوكیان له‌ژیاندا نه‌ماوه‌.

پێشتر هاوڕێ بۆ‌ 964ـى ئاشكراى كردبوو، كه له‌ خه‌لیفان‌ لیستێكى 200 خێزانى لایه‌، كه‌مده‌رات و هه‌ژارن، له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ ساڵه‌شدا توانیویه‌تى 115 ملیۆن دیناریان بۆ كۆبكا‌ته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 ناوه‌ندی خه‌لیفان 25 هه‌زار كه‌سی لێده‌ژی و له‌سنووره‌كه‌شیدا 63 گوندى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، كۆی گشتى دانیشتوانه‌كه‌ى زیاتر له‌ 40 هه‌زاره‌ كه‌سه.