دیمەنی بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: رۆیتەرز
خودی وەزیر ئاگای لێی دەبێ
وەزارەتی بازرگانی خۆی بۆ وەرگرتنی سکاڵای دژە گەندەڵی ئامادە دەکات
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ یەکشەممە، مستەفا نزار عانی وەزیری بازرگانی رێنمایی دەرکردووە بە کردنەوەی کەناڵێکی فەرمی بۆ پێشوازیکردن لەو زانیاری و سکاڵایانەی پەیوەستن بە کەیسەکانی گەندەڵی لە ناو پێکهاتەکانی وەزارەتەکەدا.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ 5.7.2026 دەڵێ، لەسەر بنەمای رێنماییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران ، بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی دەستپاکی و روبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی گشتی، مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانی رێنماییدا بە کردنەوەی کەناڵێکی فەرمی بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان لەسەر گەندەڵی لەناو پێکهاتەکانی وەزارەتەکەدا، ئەمەش بە چاودێری و بەدواداچوونی راستەوخۆی خۆی دەبێت.
هەروەک وەزیر داوای لە هاووڵاتیان و فەرمانبەران کرد بەشداری بکەن لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لە رێگەی ناردنی زانیارییەکان بە بەڵگە یان دۆکیۆمێنت کە دەیسەلمێنن گەندەڵی کراوە یان سامانی گشتی بەفیڕۆ دراوە، ئەویش لە رێگەی ئیمەیڵ و ژمارەی تەلەفۆنەکانەوە کە دواتر رادەگەیەنرێن.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری بازرگانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرجەم زانیارییەکان بە نهێنییەکی تەواو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لەلایەن خۆیەوە بە شێوەیەکی کەسی و راستەوخۆ بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، هەروەها دۆسیەکان رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر بە هەر کەسێک کە تێوەگلانی بسەلمێنرێت.