هەولێر روونکردنەوەی داوە
دابەشکردنی بەشەخۆراکی چوارەمی هاوڵاتیان چەند رۆژێک دوادەکەوێت
فەرهاد حەسەن
بەڕێوەبەرایەتی خۆراکی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەسەر دواکەوتنی دابەشکردنی بەشەخۆراکی چوارەمی ئەمساڵ بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت خەتا لە ئەوان نییە لە وەزارەتی بازرگانی عێراقە.
بەڕێوەبەرایەتییەکەی هەولێر بە بریکارەکانی خۆراک دەڵێت، هەرچەندە ئاگادارمان کردبوونەوە کەوا ئەمڕۆ چوارشەممە 1.7.2026 سەردانیان بکەن بۆ رادەستکردنی پارەی لیستی بریکاری، بەڵام دەڵێت “لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە ئاگادارکراینەوە کە تاوەکو کاتێکی نادیار رەنگە دوو رۆژ بخایەنێت ناتوانن پارە وەربگرن ئەویش بەهۆی ئەبدەیتکردنەوەی ئامێریPOS، ئەو ئامێرەی پارەی پێ وەردەگیرێت “.
داوا لە بریکارەکان دەکات تاوەکو ئاگاداریان دەکاتەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکە نەکەن.
چەند رۆژێک پێش ئێستا خۆراکی هەولێر بڵاویکردەوە کە رۆژی 1.7.2026 دەستدەکرێت بە دابەشکردنی بەشە خۆراکی چوارەمی ئەمساڵ، ئەوکات بریکارەکانی خۆراکی ئاگادار کردبووەوە کە دەتوانن لە رۆژی دووشەممەیە 29.6.2026 سەردانی بانکی جنوب ئیسلامی بکەن و پارە بخەنە سەر ڤیزە کارتەکەیان .