وەزارەتی دارایی هەرێم:

داهاتی حەوت ساڵی رابردووی گومرگ زیاتر لە 9 ترلیۆن دینار بووە

فەرهاد حەسەن

داهاتی گومرک و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025  زیاتر لە نۆ ترلیۆن و 500 ملیار دینار بووە.

ئەو زانیاریانەی وەزارەتی دارایی لە ناوەڕۆکی ئەو پەرتووکەی وەرگرتووە بەناوی (پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی 2019 تاوەکو 2025) کە ماوەیەک لەمەوبەر بڵاویکردووەتەوە.

وازارەت دەڵێت، لە ژێر رۆشنایی ئەو چاکسازی و گۆڕانکارییانەی چەند ساڵی رابردوو لە گومرگ و دەروازەکان ئەنجامدراوە کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەسەر زیادبوونی جوڵەی بازرگانی و کەمبوونەوەی رۆتین و بەرجەستەکردنی شەفافیەت، بەپێی داتا و زانیارییەکان داهاتی حەوت ساڵی رابردووی گومرگ و دەروازەکان نزیکەی نۆ ترلیۆن و 547 ملیار و 323 ملیۆن دینار بووە.

بەقسەی وەزارەت، لە ئێستادا تیمی حکومەت و وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەرقاڵی جێبەجێکردنی سیستەمی ئاسیکۆدایە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی رێکخستن و یەکخستنی کاروباری گومرگی و ترانزێت لە سەرتاسەری عێراق لە ژێر یەک سیستەمی یەکگرتوودا.

لە گرنگترین ئەو چالاکی و چاکسازییانەی لە ساڵانی رابردوودا وەزارەتی دارایی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگ و خاڵەسنووریەکان جێبەجێی کردووە بریتی بوونە لە:

–        بە ئەلکترۆنیکردنی کاروباری دەروازەکان و گومرگی فڕۆکەخانەکان و بەستنەوەیان بەوەزارەتەوە ( ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ ، پەروێزخان…) هەروەها هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گومرگی فڕۆکەخانەی نیۆدەوڵەتی(هەولێر، سلێمانی).

–        پێداچوونەوە بە رسومات و پێناسەى گومرگى بۆ بەشێک لە کاڵا و پێداویستییەکان بە هاوبەشی گومرگی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.

–        پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لەو لێخۆشبوونە گومرگیانەی لەماوەی رابردوودا بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان کرابوون.

–        هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە  حکومییەکانی تر وەک وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەى وەبەرهێنان بەمەبەستی پشتیوانی ئەو پڕۆژانەى کە لە چوارچێوەى یاسای وەبەرهێنان جێبەجێ دەکرێت بەمەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی و گەشەکردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.

–        دانانی سیستەمی ترانزێت بۆ هاوڵاتیان و بازرگانان کە ئاڵوگۆڕى بازرگانى دەکەن لە نێوان وڵاتانی (ئێران، تورکیا و سوریا) و دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان.

–        هەموارکردنەوەی رێنمایى هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

–        چالاککردنی بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى گومرگى لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانى، دهۆک) بە ئامانجى رێگریکردن و کەمکردنی دیاردەى قاچاغ و سەرپێچى یاسایی بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی گومرگ.