هەڵمەتەکە بەردەوامە
بە 10 ساڵ و 5 ساڵ؛ بەڕێوەبەری پێشووی باج و هاوسەرەکەى زیندانی کران
964+
وریا فەتاح
دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی دەستەی گشتیی باج، و زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانیکردنی بۆ هاوسەرەکەى دەرکرد، ئەمەش بە تۆمەتی تێوەگلان لە تاوانی سپیکردنەوەی پارە.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی کە کۆپییەکی دەست تۆڕی 964 کەوتووە، دادگا بەشێوەی ئامادەبوون بڕیاریداوە بە سەپاندنی سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بۆ (ئوسامە حوسام جەودەت)، بەڕێوەبەری پێشووی باج، هەروەها سزای 5 ساڵ و یەک مانگ زیندانیکردن بۆ هاوسەرەکەى، پاڵپشت بە ماددەی 36 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.
ئەوەی لە بڕیارەکەی دادگادا جێگەی سەرنجە، قەبارەی ئەو سامانە زۆرەیە کە دەستی بەسەردا گیراوە، دادگا بڕیاریداوە هەردوو سەرپێچیکار بەیەکەوە بڕی 32 ملیار و 496 ملیۆن و 107 هەزار دینار پێبژاردن (غەرامە) بدەن.
هەروەها بڕیاردراوە بە دەستبەسەرداگرتنی:
10خانووبەرە لە شاری بەغدا.
12 خانووبەرە لە وڵاتی تورکیا کە بەناوی خێزانەکەیەوە بوون.
دەستبەسەرداگرتنی هەموو ئەو پارە کاشانەی دۆزراونەتەوە لەگەڵ کرێی خانووبەرەکان و زێڕ و زێوەکانیان.
دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارانەی لە بانکی کوەیتی و بانکەکانی تورکیادا داینابوون.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادگا دوای پێداچوونەوە بە بەڵگەکانی ئەم دۆسیەیە کە دەستەی دەستپاکی رەوانەی کردووە، بەڵگەکانی بە تەواو و قەناعەتپێکەر زانیوە بۆ سەلماندنی تاوانەکە، بۆیە جگە لە زیندانیکردن و پێبژاردنەکە، بڕیاری بلۆککردنی سەرجەم سامانە گواستراوە و نەگواستراوەکانیشیانی داوە.