"پەیوەندیمان لەگەڵی نەماوە"

هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پارێزگاری پێشووی واست

شۆڕش قادری

لە درێژەی هەڵمەتەکەی حکومەتی عێراق بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی محەمەد جەمیل مەیاحی پارێزگاری پێشووی واست.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 28.6.2026 دژە تیرۆری عێراق و هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ناو ماڵی مەیاحی لە واست.

چەند سەرچاوەیەک لە تۆڕی هاوپەیمانی واست ئەجمەل (واسط أجمل) کە محەمەد جەمیل مەیاحی سەرۆکایەتی دەکات، بۆ بەشی عەرەبی 964 پشتڕاست کردووەتەوە کە، لە بەیانی ئەمڕۆوە و دوای دەستگیرکردنی، پەیوەندییان لەگەڵی پچڕاوە و ئاگایان لێی نەماوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵمەتێک بە سەرپەرشتی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەناوی “هێرشی بەرەبەیان” بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستیپێکرد، دواتر رێگاکانی ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەکانی بەغدا  داخران و تاوەکو ئێستاش بە دەیان پەرلەمانتار و وەزیر و کارەبەدەستی باڵای عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی و بە پشتبەستن بە دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزیری نەوت، دەستگیر کراون.