کۆمەڵە گەنجێکی خۆبەخش کارەکەیان کردووە
تینوێتی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانی شاخی سارایان شکاند
پەری ساڵح
بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەرمای هاوین و پاراستنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان، گروپی خۆبەخشانی قەزای دوکان هەڵمەتێکی ژینگەییان لە شاخی سارا ئەنجامدا و بە هانایانەوە چوون تا تینوێتییان بشکێنن.
ئەو گروپە لە چوارچێوەی چالاکییە ژینگەدۆستییەکانیاندا وەک گەنجانی خۆبەخشی قەزای دوکان ئەم کارەیان ئەنجامداوە و ڤیدیۆکەیان بۆ 964 ناردووە و رایانگەیاند، هەستاون بە گواستنەوە و دانانی (50) دەبەی ئاوی 20 لیتری لە شوێنە جیاجیاکانی شاخی سارا بۆ ئەوەی لەم گەرمایە تینوێتی ئەو بێزمانانە بشکێنن.
شاخی سارا بە یەکێک لە ناوچە شاخاوییە دیارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دادەنرێت کە باڵندە و گیانەوەری کێویی جۆراوجۆری تێدا دەژی، ئەندامانی گرووپە خۆبەخشەکەش رایانگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی ئەم دەبانە و پڕکردنەوەیان لە پێناو پاراستنی سیمای سروشتی و ژینگەی ناوچەکە.