بەیاننامەی هاوبەشی ئەمریکا و کەنداو
پێشوازی لە رێککەوتنی واشنتن و تاران دەکرێت و بازرگانی لەگەڵ ئێران مەرجدار دەکرێت
964+
پەری ساڵح
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پێشوازییان لە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران کرد و جەختیان لەسەر گرنگی ئەو نێوەندگیرییە کردەوە کە لەلایەن وڵاتانی پاکستان و قەتەرەوە ئەنجامدراوە.
لە بەیاننامەکەدا، هەردوولا نەخشەرێگا و هەڵوێستی هاوبەشی خۆیان لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی گەرمی ناوچەکە خستەروو، کە گرنگترینیان پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران، ئاسایشی دەریاوانی و دۆخی لوبنان بوو.
هەردوولا بەپێی بەیاننامەکە جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی بەردەوامیی دانوستانەکان کراوەتەوە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە کارە دوژمنکارییەکان و رێگریکردن لە ئێران لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بەدیهاتنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، بەستراوەتەوە بە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران، بەتایبەت بابەتی موشەک و درۆنەکانیان.
سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیش، ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو هۆشدارییان دا کە هەر وەبەرهێنان یان بازرگانییەک لەگەڵ ئێران، بە تەواوی مەرجدارە بە پابەندبوونی تاران بە ناوەڕۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی کۆتاییەوە.
دۆسیەی ئاسایشی وزە و ئاوە نێودەوڵەتییەکان بەشێکی گرنگی بەیاننامەکەی پێکهێنا، کە تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی خێرا دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز کرایەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دابینکردنی ئازادیی گەشتی دەریایی بەبێ هیچ بەربەستێک، بابەتێکی بنەڕەتیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و جیهان.
سەبارەت بە قەیرانی لوبنان، ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو پابەندبوونی خۆیان بە پاراستنی سەروەری، ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی لوبنان دووپاتکردەوە،لە هەمانکاتدا پێشوازییان لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کرد بە چاودێری ئەمریکا.