بەرپرسانیش چاوەڕێن

بڕیارە دانیشتوانى گوندەکانى زاخۆ بگەرێنەوە؛ بەڵام ناتوانن شەوان بمێننەوە

شڤان عەبدوڵا- زاخۆ

سەرباری دەستپێکردنی قۆناغی چەکدانانی پەکەکە و کۆتایی هاتنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، ئەمڕۆ دانیشتووانی دەیان گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان کەوتبوونە ڕێ، لەلایەن سوپای تورکیاوە رێگرییان لێکرا و گەڕێندرانەوە. لە کاتێکدا بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن دانوستان کراوە و هێشتا چاوەڕێی فەرمانی کۆتایین.

بەپێی زانیارییەکانی تیمی کوردستانی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی، پێشتر لە رۆژی 10ی حوزەیراندا، ئیدارەی خۆجێی دەرکار و باتیفا ئاگاداری خەڵکی گوندەکانی دەڤەری “سندی و گولی”یان کردبوو کە دەتوانن لە 15ی حوزەیراندا سەردانی گوندەکانیان بکەن. بەڵام کاتێک سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، خەڵکی 21 گوند (لەوانە: سنات، ئێرە، حەفتانین، دێرەشیشێ، مێرگەشیشێ، ئاڤا گیزێ، باجوا) لەگەڵ گوندەکانی گەلی پساغا (بنەخرێ، مارسیس، کەلۆک) و 11 گوندی تر دەکەونەڕێ، لە گوندی (شەرانشی سەروو) رووبەڕووی بازگەیەکی سوپای تورکیا دەبنەوە. سەربازەکان گوندنشینەکان لە ئۆتۆمبێلەکانیان دادەبەزێنن و پێیان دەڵێن: “بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە، لە ئێستادا گوندەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدایە و کەس ناتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.”

لە بەدواداچوونێکی تۆڕی 964دا بۆ ئەم پرسە، دەرکەوتووە ئەو گوندانەی بڕیارە خەڵکەکەی تێبگەڕێنەوە ژمارەیان زۆرە، تەنیا لە قەزای باتیفا زیاتر لە 20 گوند هەن کە دیارترینیان گوندی (نزورێ)یە، لە ناحیەی دەرکاریش هەردوو ناوچەی گەلی پساغا و قەسرۆح دەگرێتەوە کە ناوچەی تەواو فێنک و گەشتیارین.

فەرهاد مەحمود، قایمقامی قەزای باتیفا سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتیانە بە 964ی وت: “دانوستان لەسەر گەڕانەوەی ئەوان کرابوو، بەڵام تا ئێستا نەبووەتە فەرمی. ئێمە چاوەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنین، هەرکە بڕیارەکە بە فەرمی دەرچوو، ئەو کات ڕێگە بۆ دانیشتووانی ئەو گوندانە کراوە دەبێت.”

لەلایەکی دیکەوە، جەوهەر محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار بە 964ی راگەیاند، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا ئەو خەڵکە بچنەوە زێدی خۆیان، بەڵام لە مانگی سەرەتادا تەنیا لە کاتژمێر 07:00ی بەیانی تا 06:00ی ئێوارە رێگەیان پێدەدرێت، دواتر بڕیار لەسەر دەدرێت کە ئایا دەتوانن بە یەکجاری لەوێ بمێننەوە یاخود نا. ئەم هەنگاوەش بەپێی خوێندنەوە بۆ بارودۆخی قۆناغەکانی داهاتووی ناوچەکە دەبێت.

ئەم رووداوانەی ئەمڕۆ لە کاتێکدان، کە نزیکەی 10 ساڵە شەڕ و ئاڵۆزی باڵی بەسەر ئەم ناوچانەدا کێشاوە. وەک پاشخانی داگیرکارییەکەش، لە ساڵی 2020 و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چنگی-پڵنگ)دا، سوپای تورکیا بە قوڵایی 9 کیلۆمەتر ناوچەی حەفتانین و تەواوی گوندەوارەکانی دەورووبەری داگیرکرد و بە تەواوی خەڵکەکەی ئاوارە کرد. ئێستاش لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، گوندنشینانی 1,192 گوندی هەرێمی کوردستان هیوایان وایە بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانیان و بێ ترس ژیان بگوزەرێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێگەیان پێ نەدراوە و هەر لە ئاوارەییدا دەژین.