گه‌نجێكی خه‌لیفان سێ ساڵه‌ ماڵه‌ هه‌ژاره‌كان دڵخۆش ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گه‌نجێكی خه‌لیفان خه‌مى هه‌ژارانى ناحیه‌كه‌ى هه‌ڵگرتووه‌ و تا ئێستا 115 ملیۆن دینارى بۆ كۆكردونه‌وه‌ته‌وه‌ و پێیداون، وه‌كخۆى ده‌ڵێت “خه‌لیفان هه‌ژارى زۆره‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندى كه‌مه‌، چه‌ندین خێزانى بێ دایك و باوكیشی لێ هه‌ن”.

هاوڕێ ره‌شید، ئه‌و گه‌نجه‌ى خه‌لیفان ته‌مه‌ن 32 ساڵه‌ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ هه‌ڵمه‌تى جیاجیا بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هاوكاری بۆ خێزانه‌ هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ته‌كانى سنوورى خه‌لیفان ده‌ستپێكردووه‌.

هاوڕێ به‌ 964ـى وت “ئێستا لیستێكى 200 ماڵیم لایه‌، كه‌ خێزانى كه‌مده‌رات و هه‌ژارن له‌ خه‌لیفان، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ى یارمه‌تیان بۆ ده‌ده‌م”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 ناوه‌ندی خه‌لیفان 25 هه‌زار كه‌سی لێده‌ژی و له‌سنووره‌كه‌شیدا 63 گوندى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، كۆی گشتى دانیشتوانه‌كه‌ى زیاتر له‌ 40 هه‌زاره‌ كه‌سه.‌

ناوبراو ده‌ڵێت “زۆربه‌ى خێزانه‌كان ژیان و گوزه‌رانیان مام ناوه‌نده‌ و خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ندى كه‌مه‌، چه‌ندین خێزانى بێ دایك و باوكیش هه‌ن، به‌رزترین مووچه‌ى هه‌ندێ خه‌ڵك 600 هه‌زار دیناره‌ و زۆرینه‌شیان له‌ 200 هه‌زار تا 400 هه‌زار دینار مووچه‌ وه‌رده‌گرن”.

به‌قسه‌ى هاوڕێ، له‌ماوه‌ى سێ ساڵى رابردوودا توانیو‌یه‌تى  115 ملیۆن دینار كۆبكاته‌وه‌ به‌سه‌ر خێزانه‌ هه‌ژار و پێویسته‌كان دابه‌ش بكات، ده‌شڵێت “به‌یارمه‌تى كه‌سانى دڵسۆز پاره‌ى هاتوچۆكردنمان بۆ 10 خوێندكارى زانكۆ و په‌یمانگا دابینكردووه‌ كه‌ له‌زانكۆ و په‌یمانگاى سۆران ده‌خوێنن، تا خوێندنیان ته‌واو ده‌كه‌ن ئه‌و یارمه‌تییه‌یان ده‌درێتێ”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، بۆ هه‌ندێك له‌ خوێندكاره‌ كچه‌كان جلوبه‌رگ و بۆ به‌شێكی تریشیان پاره‌ى خواردنى رۆژانه‌یان بۆ دابینكردوون.

له‌ئێستادا هاوڕێ ره‌شید و 30 كه‌س له‌ هاورێكانى پڕۆژه‌یه‌كی كۆكردنه‌وه‌ى پاره‌یان له‌به‌رده‌سته‌، ئه‌ویش مانگانه‌ هه‌ریه‌كێك له‌وان پێنج هه‌زار دینار داده‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ى مانگانه‌ به‌و‌ 150 هه‌زار دیناره‌ى كۆده‌كرێته‌وه‌‌ خۆراك و پێداویستی بۆ یه‌كێك له‌ خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كانى خه‌لیفان بكڕن.

ده‌شڵێت “هه‌فتانه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، هه‌موو رۆژانى هه‌ینییه‌ك، به‌و پاره‌یه‌ى كۆیده‌كه‌مه‌وه‌ مریشك بۆ 20 ماڵى كه‌مده‌رامه‌ت دابین ده‌كه‌ین”.

هاوڕێ ره‌شید فه‌رمانبه‌رى ئه‌وقافه‌ خێزانداره‌و و خاوه‌نى دوو منداڵه‌، هه‌ڵه‌تى كۆكردنه‌وه‌ى یارمه‌تى به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ى ماڵه‌ هه‌ژاره‌كانى ئه‌و سنووره‌م بێ كێشه‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.