رێگەى نەدرا قاچى بخاتە خاکى ئەمریکا
وێنەگرى هەڵبژاردەى عێراق دیپۆتکرایەوە
964+
وریا فەتاح
وادیارە شاندى هەڵبژاردەى عێراق لە کاتی گەیشتنیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026، خراپیان لێ قەوماوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی شیکاگۆ بۆ چەندین کاتژمێر وێنەگری فەرمی هەڵبژاردەکەیان دەستبەسەر کرد.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان لە شاندى هەڵبژاردەى عێراقیان زانیوە کە (تەڵاڵ سەڵاح) وێنەگری فەرمی هەڵبژاردەکەیان بۆ ماوەی 13 کاتژمێری بەردەوام لە فڕۆکەخانە دەستبەسەر کراوە، پێش ئەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی یەکجارەکی چوونە ژوورەوەی بۆ دەرکەن و بە زۆر بیگەڕێننەوە بۆ بەغدا.
ئەم رێکارە کتوپڕەی ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی هەژماری فەرمی هەڵبژاردەی عێراق هیچ وێنەیەکی ساتی گەیشتنی شاندەکە بۆ شاری شیکاگۆ بڵاونەکاتەوە، کە ئەمەش پێچەوانەی نەریتی هەمیشەیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە کە پێشتر لە گەشتە دەرەکییەکاندا سەرجەم وردەکارییەکانی گەشتی “شێرەکانی میزۆپۆتامیا”یان بە وێنە و ڤیدیۆ بڵاودەکردەوە.
هەر تەڵاڵ نەبوو، ئەیمەن حوسێنى هێرشبەرى شێرەکانى رافیدەینیش بۆ ماوەى 7 کاتژمێر لەو فڕۆکەخانەیە هێڵدرایەوە و دواتر رێگەى درا بچێتە خاکى ئەمریکا.