لە بانکی رافیدەین و رەشید

هەوڵێکی راکێشانی پارە بە گەندەڵی شکستی پێهێنرا

ئەحمەد مستەفا

هەوڵێکی راکێشانی ترلیۆنێک و 500 ملیار دینار لە دوو بانکی حکومی لە بەغدا پوچەڵ کرایەوە و  لەو تێوەگلانەدا سێ کەس بە چەکی ساختە دەستگیرکراون.

هەڵمەتەکە دەستەی دەستپاکی عێراق سەرپەرشتی کردووە.

تیمە مەیدانییەکانی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەغداد، بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە دادوەرییەکان، توانیویانە سێ کەس دەستگیر بکەن کە چەکی ساختەی پارەیان پێبووە و هەوڵیان داوە بە نایاسایی بڕی نزیکەی ترلیۆنێک و 500 ملیار دینار لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین رابکێشن.

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، گرێبەستێکی فرۆشتنی سپاردەیەکی بانکی بە بڕی 612 ملیار دینار کە بە ناوی یەکێک لە تۆمەتبارەکانەوە بووە، دەستی بەسەردا گیراوە.

تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە هەوڵیان داوە بە نایاسایی مامەڵەی خەرجکردنی چەکەکان رایی بکەن، هەروەها ژمارەیەک چەکی ساختەی دیکەش دۆزراوەتەوە، حەوت چەکی پارەش دەستی بەسەردا گیراوە.