تاوەکو 100 هەزار ریاڵە

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە سزایەکی نوێی بۆ وەرزی ئەمساڵی حەج زیادکرد

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە سزایەکی نوێی بۆ ئەو کەسانە دیاریکرد کە بەبێ مۆڵەت خەڵک بۆ حەجکردن  دەبەن یاخود هەوڵی ئەوەیان بۆ بدەن.

وەزارەتەکە دەڵێت، سەپاندنی سزایەکی دارایی تاوەکو 100 هەزار ریاڵ بۆ هەر کەسێک کە داواکاری ڤیزای سەردانی (تأشيرة زيارة) بۆ کەسێک پێشکەش کردبێت کە بەبێ مۆڵەت حەجی کردبێت یاخود هەوڵی ئەنجامدانی حەجی دابێت.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، سزاکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بەبێ مۆڵەت چوونبە ناو شاری مەککە و شوێنە پیرۆزەکانی دیکە یاخود مانەوەیان تێیدا.

ئاماژەی بەوەشکراوە، غەرامەکان بەپێی ژمارەی ئەو کەسانە زیاد دەکەن کە ئەم کارانەیان کردووە، جەختیش لەسەر پێویستی پابەندبوون بە رێنماییە رێکخەرەکانی وەرزی حەجی ئەمساڵ و هاریکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەلامەتی میوانانی ماڵی خودا کردەوە.

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، داواشی لەهەموولایەک کردووە، پەلە بکەن لە ئاگادارکردنەوە دەربارەی سەرپێچیکاران لە رێگەی ژمارە (911) لە ناوچەکانی مەککەی پیرۆز، و مەدینەی پیرۆز و ریاز و ناوچەی رۆژهەڵات، هەروەها ژمارە (999) لە تەواوی ناوچەکانی شانشینەکە.