سنەوبه‌ره‌كانی دارستانی رانیه‌ وشك بوون و كه‌س به‌ هانایانه‌وه‌ ناچێت

964+
مەجید بتوێنی – راپه‌ڕین

ژماره‌یه‌كی زۆری دار سنەوبه‌ره‌كانی دارستانی رانیه‌ وشك بوون و دووچاری نه‌خۆشی بوون، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینه‌وه‌ی داره‌كانیش زۆرن به‌هۆی دابه‌شنه‌كردنی نه‌وته‌وه‌، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش تا ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی دارستان و پاوانی نییه‌.

دارستانی رانیە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری رانیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بە گشتی 25 هەزار دار سنەوبەر لەخۆدەگرێت، دارستانەکە تا نزیک دەربەندی رانیە درێژبووه‌ته‌وه‌ لەسەر رووبەری 915 دۆنم زەوی چێندراوە، به‌ڵام ماوەی سێ ساڵە دارەکانی دەستیان بە وشکبوون کردووە.

ئەبوبەکر حەسەن لێپرسراوی هۆبەی دارستان و پاوانی  رانیە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 1292 دار سنەوبەر بە تەواوی وشکبوون، فەرمانیان پێ کراوە دارە وشکەکان ببڕنەوە، بەڵام ناتوانن چونکە  پێشتر 70 کرێکاریان  هەبوو، ئێستا 10 کرێکاریان هەیە، ئەمە جگە لەوەی پێداویستییەکانی بڕینەوەیان نییە، “ئێستا دارستانی رانیە بێ خزمەتە و پێویستە ئاوڕی جیدی لێ بدرێتەوە”.

حەمە شوان کەریم بەڕێوەبەری ژینگەی راپەڕین بە تۆڕی 964+ ی وت، لە ماوەی رابردوودا لیژنەیەکی هاوبەشیان لە شارەوانی و کشتوکاڵ و دارستان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی  پێکهێنا، بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆكاری وشکبوونی داری دارستانە دەستکردەکان.

ئاشكراشی كرد، بۆیان دەرکەوت هۆکارە سەرەکییەکانی وشکبوونی دارەکان دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و سەرمای تووندی لەناکاو، پاشان دروستبوون و بڵاوبونەوەی  جۆرێک لە کەڕوو، کە سیفاتی گواستنەوەی هەیە لە دارێکەوە بۆ دارێکی دیكه‌.

“چارەسەرەکەی بڕینەوەی لقە تووشبووەکانە بە نەخۆشییەکە و رشاندنی دارەکانه‌ بە دەرمانی دژە نەخۆشییەکە، یان هەڵکەندنی دارە وشکبووەکانه‌، له‌گه‌ڵ ته‌عقیمکردنی شوێنەکەی،  ئەمەش بە ستافێکی تایبەت دەکرێت و ماوەیەکی زۆری پێویستە تا جێبەجێ دەکرێت”، حەمە شوان کەریم وا ده‌ڵێت.

دارستانی رانیە هەر نەخۆشی هەڕەشەی لێ ناکات، بەڵکو بەهۆی دابەشنەکردنی نەوت لە وەرزی زستاندا، دارەکانی دەبڕدرێنەوە و بۆ سووتاندن به‌كاردێن، بۆیە دارستان و ژینگەی راپەڕین بنکەیەکی لەوێدا جێگیر کردووه‌.

شۆڕش کاکە فەتاح بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین، بە تۆڕی 964ی وت، “ئەمساڵ چوار داری سنەوبەر لە دارستانی رانیە  لە شەوی سەری ساڵدا لەلایەن سەرپێچیکارێکەوە بە مشار بڕانەوە، پاشان تۆمەتباره‌كه‌ دەستگیرکرا و دەست بەسەر مشار و دارەکاندا گیرا، هه‌روه‌ها رووبەڕووی دادگا کرایەوە”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بەهۆی کەمیی ژمارەی پۆلیسی دارستان ناتوانن وەک پێویست چاودێری دارستانەکان بکەن .

ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لەگەڵ ئەوەی ناوچەیەکی شاخاوییە و سنوورێکی فراوانی دارستانی دەستکرد و سروشتیی هەیە، بەڵام تا ئێستا خاوەنی بەڕێوەبەرایه‌تیی دارستان و پاوان نییە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا