باڵەخانەی وەزارەتی نەوتی عێراق _ وێنە: وەزارەتی نەوت
عەلی زەیدی پێی وتوون
نەوتی عێراق: رێنمایمان پێدرا بۆ فراوانکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن
ئەحمەد مستەفا
بە گێڕانەوەی وەزیری نەوتی عێراق، سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی، رێنماییدا بە دۆزینەوەی دەروازەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردن و کارکردن لەسەر چۆنیەتی تێپەڕبوونی نەوتهەڵگرەکان.
لە هەمان کاتدا وەزیری نەوت، باسم محەمەد خزەیر، داوای پەسەندکردنی بودجەیەکی پێنج ساڵەی جێگیری کرد بۆ دەستەبەرکردنی تەواوکردنی پڕۆژە نەوتییەکان.
وتەبێژی وەزارەت ساحیب بەزون، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، سەرۆک وەزیران، عەلی زەیدی، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ وەزارەتی نەوت رێنماییدا لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی داهاتەکان، بەتایبەتی لە سایەی ئەو قۆناغە هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت.
بەزون دەڵێ، کۆبوونەوەکە پێداچوونەوەی بە هەوڵەکانی وەزارەت لە کەرتەکانی دەرهێنان، پاڵاوتن، گاز و دابەشکردندا کرد، جگە لە گەڕەکانی مۆڵەتدان و باشترین وەبەرهێنان لە وزەدا”، و وتیشی: “کۆمپانیای تۆتاڵ لە ئێستادا کار لەسەر پڕۆژەی گرنگ دەکات لە بواری وەبەرهێنانی گاز، و سوودوەرگرتن لە خۆری بەسرە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خۆر.
بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، سەرۆک وەزیران گوێبیستی پوختەیەک بوو کە لەلایەن وەزیری نەوتەوە پێشکەش کرا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کارەکان لە پڕۆژەکانی وەزارەتدا، بەتایبەتی ئەو رێوشوێنانەی کە پەیوەندییان بە چارەسەرکردنی قەیرانی داخرانی گەرووی هورمز و وەستانی هەناردەکردنی نەوتەوە هەیە.
کۆبوونەوەکە باسی لە بابەتی هەناردەکردنی نەوت و دۆزینەوەی دەروازەی جۆراوجۆر بۆ هەناردەکردن کردووە، لەگەڵ میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، راگەیەندراوی حکومەت دەڵێ، تاوتوێی رێوشوێنەکانی وەزارەتی دەرەوە کرا سەبارەت بە بەدواداچوونی ئەو رێککەوتنانەی کە لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی دراوسێدا واژۆ کراون بۆ هەناردەکردنی نەوت بە رێگای وشکانی.