39 ساڵ لەمەوبەر بوو

چیرۆکی “گۆڕغەریبێک” بۆ یادی گیان بەختکردووەکانی راپەڕینەکەی رواندز

فەرهاد حەسەن

39 ساڵ لەمەوبەر، لە 19.5.1987 جەماوەری شاری رواندز لە دژی دەسەڵاتدارێتی بەعس راپەڕین، لە کاردانەوەی ئەم راپەڕینەدا سەرباز و سوپای عێراق رووبوڕووی جەماوەرەکە بوونەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 20 هاوڵاتی شەهید بوون، یەکێک لەوانە قادر سەرانەیی بوو کە شێوازی گیانلەدەستدان و شوێنی ناشتنەکەی جێگەی سەرەنجێکی زۆرە.

شوێنەکە کەوتووەتە ناو ئەشکەوتێکی گەلی خارەڕەش، هەڵکەوتەیەکی یەکجار سەخت و قوڕسی هەیە، ئەوانەی شایەتحاڵی ئەم رووداوەن تاوەکو ئێستاش شێوازی هەڵدێرانی ئەم پیاوە و گەیشتنی بۆ ناو ئەشکەوتەکە و گیان لەدەستدانی نازانن، بەڵام هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە لە ئەنجامی ئەو راپەڕینە گیانی لەدەستداوە.

رێبوار عەبدوڵا، شارەزایەکی مێژووە، هۆکاری ناشتنی ئەو پیاوە لەم شوێنە بۆ 964 باس دەکات، دەڵێت ”لە دوای راپەڕینی رواندز شارەکە بەرەو چۆڵی رۆشتبوو، بەڵام ئەو پیاوە هەر لە رواندز بووە، دەچێتە نزیکی گەلی خارەڕەش بۆ ئەوەی خۆی ون بکات لە رژێمی بەعس، لەوێ بە هۆکارێکی نادیار هەڵدێراوە، دوای چەند رۆژێک تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، ئیتر بەهۆی تێکچونی جەستەکەی و سەختی شوێنەکە ناتوانن تەرمەکەی بێنە دەرەوە، ناچار چەند کەسێک بە گوریس دادەبەزن و هەر لەم ئەشکەوتە دەینێژن”.