دەیەوێ پەیوەندییەکان پتەو بکات

عێراق بە توندی سەرکۆنەی هێرشی درۆنەکانی سەر ئیمارات دەکات

964+

وریا فەتاح

حکومەتی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە لە ماوەی رابردوودا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) کرانە سەر دەوڵەتی ئیمارات، هاوکات پشتیوانی تەواوی خۆیشی بۆ هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا راگەیاند.

باسم عەوادی، وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: “عێراق سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییە برایەتییە ناوازەکانی و ئەو هاوبەشییە بەرهەمدارەی لەگەڵ دەوڵەتی ئیماراتدا هەیەتی.” هەروەها جەختی لە بەردەوامیی هەماهەنگییە بونیادنەرەکان کردەوە کە خزمەت بە کاری هاوبەشی عەرەبی و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوو وڵات دەکات.

لە بەشێکی تری هەواڵەکەدا، وتەبێژی حکومەتی عێراق پێداگری کرد لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی کارای هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ رێگریکردن لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە یان تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە، و پاراستنی سەروەریی و سەلامەتیی وڵاتانی دۆست و برا.