سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی ئەلزەیدی:

“حکومەت حکومەتی هاوڵاتی و پاراستنی ئاسایش و پەیوەندییەکان دەبێت”

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی وتارێکی پێشکەش کرد، کۆمەڵێک بەڵێنی گەورەی بە خەڵکی عێراق دا و رایگەیاند، حکومەتەکەی حکومەتی پاراستنی ئاسایش و خزمەتگوزاری دەبێت.

عەلی ئەلزەیدی رایگەیاند، “پەیمانتان دەدەینێ بە کارکردنی دڵسۆزانە و ئیرادەیەکی راستگۆیانە کە لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان دوودڵ نەبین و لەبەردەم ناخۆشییەکاندا پاشەکشە نەکەین”.

وتیشی، حکومەتەکەمان لە پێشەنگی کارەکانیدا بەرنامەیەکی چاکسازی ئابووری و دارایی گشتگیر دادەنێت، کە ئامانجی بونیادنانی ئابوورییەکی نیشتمانیی بەهێز و هەمەجۆر و بەردەوامە، کە تەنیا پشت بە یەک سەرچاوە نەبەستێت، بەڵکو کار بکات بۆ بوژانەوەی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری و وەبەرهێنان و هاندانی تواناکانی نیشتمانی.
هەروەها بە هەموو هێزێکمان کار دەکەین بۆ پاراستنی ماڵی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی بە هەموو شێوەکانی، چونکە گەندەڵی تەنیا گرفتێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو بووەتە رێگر لەبەردەم گەشەپێدان و هۆکارێک بۆ پەکخستنی خەونی خەڵک و دواکەوتنی دەوڵەت.

بەشێکی دیکەی قسەکانی بە کورتی بەم جۆرە بوو:

– بونیادی مرۆڤ لە پەروەردەوە و فێرکردنەوە دەستپێدەکات، بۆیە بایەخی گەورە بەم بوارە دەدەین.

–       خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی باشتر دەکەین و دەبێت خزمەتی تەندروستی بگات بە هەموو هاوڵاتیان و نەخۆشخانەکان دەبووژێنینەوە.

–       بەڵێنەکان تەنیا قسە نابن و لە هەموو بوارەکانی خزمەتگوزاری پڕۆژەی گەورە دروست دەکەین.

–       حکومەت حکومەتی هاوڵاتی دەبێت، حکومەتی پاراستنی ئاسایش و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەبێت.

–       عێراق شایەنی ئەوەیە هەڵبستێتەوە و هاوڵاتی مافی خۆیەتی وڵاتەکەی ببینێت بەرەو پێشەوە دەچێت.

–       بەرپرسیارەتییمان گەورەیە، بەڵام ئیرادەی عێراقییەکان گەورەترە.

–       رێگەی چاکسازی سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە.

–       ئەوە بەڵێنی ئێمەیە بۆ گەلی عێراق و دەبێت بێتەدی، هەموو گەنجێک چاوی لەوەبێت هەلی کار هەبێت و هەموو دایکێک هیوای ئەوەی هەبێت رۆڵەکەی ژیانێکی باشتری هەبێت.

عەلی ئەلزەیدی ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی دەوروتەسلیمی کرد و پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی وەرگرت.