چاوەکان لەسەر (جێن سوون هوانگ)ن
ترەمپ بە دونیایەک پەیامەوە ئەم کەسایەتییەی بردووەتە وڵاتی چین
ژووری هەواڵ
ئەمە ئیلۆن ماسکە خاوەنی تێسلاو دەوڵەمەندترین پیاوی دنیا، ئەمەش تیم کۆکە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ، بەڵام دیقەت لەم پیاوەیان بدەن، ئەمە گرنگترین کەسە لە ناو تیمەکەی ترەمپ، بردنی ئەم پیاوە هەر وا لە خۆڕا نییە، یەک دنیا پەیامی لە پشتەوەیە.
دۆناڵد ترەمپ لە سەردانەکەی بۆ چین، یەک کۆمەڵ دەوڵەمەندو سەرمایەداری گەورەی ئەمەریکای لەگەڵ خۆیدا بردووە، بەڵام میدیاکانی جیهان چاویان کەوتووەتە سەر ئەم دانەیە (جێن سوون هوانگ) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (ئینڤیدیا).
ئین ڤیدیا گەورەترین دابینکەری چیپ و گرافیک کاردە لە جیهاندا، ماوەیەکی باشە ئەم کۆمپانیایە بووەتە جێی موشتومڕو ناکۆکی نێوان ئەمەریکاو چین، چونکە کۆمپانیاکە لە ئەمەریکاوە نزیکە، بەڵام لەسەر خاکی تایوان کار دەکات، بێگومان چینیش خۆی بە خاوەنی تایوان دەزانێت و دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر دورگەکەو کۆمپانیاکەدا بسەپێنێت.
کۆتایی ساڵی رابردوو ئینڤیدیا بووە یەکەمین کۆمپانیا لە جیهاندا کە سامانەکەی گەیشتە 5 ترلیۆن دۆلار، چونکە ئێستا لە هەموو کات زیاتر جیهان پێویستی بە چیپی ئەلکترۆنییە، هەموو کۆمپانیاکانی ژیری دەستکرد پشت بە چیپەکانی ئیڤیدیا دەبەستن و داواکارییەکی زۆری لەسەرە، چینیش بۆ ئەوەی لەم پێشبڕکێیە دوا نەکەوێت پێویستی بەو کۆمپانیایەیە، ئەمەریکاش دەیەوێت بەوە شەڕەکەی لێ بباتەوە.
ترەمپ پێش ئەوەی بچێتە چین دەستی گرت بەسەر ڤەنزوێلادا و گەرووی هورمزی داخست، بەمەش گورزێکی گەورەی لە چین داو ئەو دوو سەرچاوە گرنگەی نەوتی لێ گرتەوە، پێشتریش لە ئینڤیدیای قەدەغە کردبوو چیپی پێشکەوتوو بە چین بفرۆشێت، بۆیە لەوەشدا پەکی کەوتبوو.
لە ناو وەفدەکەی ئەمەریکادا، ترەمپ دەیەوێت بەم دوو کەسە پەیامێک بدات بە چین، یەکەمیان ئیلۆن ماسک کە زەبەلاحی سۆفتوێرو پرۆگرامەکانی زیرەکی دەستکردە، دووەمیان (جێن سوون هوانگ) کە ئیمپڕاتۆڕی هاردوێرو دابینکردنی چیپە بۆ زیرەکی دەستکرد. دەیەوێت بڵێت من بەم دوانە جیهانی ژیری دەستکرد کۆنترۆڵ دەکەم.
میدیاکانی جیهان دەڵێن رەنگە لەم سەردانەدا ترەمپ هەندێ نەرمی بنوێنێت بۆ کردنەوەی رێڕەوەکانی نەوت بە چین، بەڵام هیچ کات لەبەرامبەر تەکنەلۆژیاکەی نەرمی نانوێنێت، بە چین دەڵێ: نەوتت دەدەمێ، بەڵام هیچ کاتێک بیر لە تایوان و ئینڤیدیا مەکەرەوە، ئەوە هی ئێمەیەو نایدانین بە هیچ کەس.