لە گوندی حاجی مامەند 14 مینی 69V و چەندین گولە هاوەن لەناو بران
بەڕێوەبەرایەتی مینی سلێمانی چەندین مین و تەقەمەنی لە سروچک تەقاندەوە
ژێوار خدر
تیمی تەقاندنەوەی مینی سلێمانی چەندین جۆر مین و پاشماوەی جەنگییان لە کێڵگەمینی ملەی گەلی/ کانی ماران لە گوندی حاجی مامەند لەشارەدێی سروچک لەناو برد، ئەمەش وەک بەشێک لە کارەکانیان بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 7.5.2026 تیمی تەقاندنەوە لە کێڵگەمینی ملەی گەلی لە گوندی حاجی مامەند، چەندین مین و تەقەمەنی بە رێگەی تەقاندنەوەیەکی ناکارەبایی لەناوبردووە، کە پێشتر لە چالاکی جیاجیادا کۆکرابوونەوە و بۆ شوێنێکی پارێزراو گواسترابوونەوە تاوەکو بە یەکجاری لەناوببرێن و مەترسییان نەمێنێت.
دەشڵێت، ئەو تەقەمەنییانەی لەناو براون پێکهاتبوون لە 14 مینی جۆری V69، حەوت گولە هاوەنی جیاواز لە جۆرەکانی 60، 82 و 100 ملم، لەگەڵ چوار گولەی فاس و چەندین فیوز و تەرەقەی نارنجۆک. داواش لە هاوڵاتیان دەکات لە کاتی بینینی هەر مین و پاشماوەیەکی جەنگی، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 182 بکەن بۆ ئەوەی تیمەکانیان بە زووترین کات بگەنە شوێنەکە و هاوکارییان بکەن.