"یەکەمجار ڤۆڵگای رووسی لێخوڕیوە"
یەکەمین ژنەشۆفێری هەولێر لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ئەمڕۆ یەکەمین ژنەشۆفێری هەولێر بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و کەسێکی نزیکیشی دەڵێت یەکەمجار سەیارەیەکی جۆری ڤۆڵگای رووسی لێخوڕیوە.
دكتۆرە سامیە شاكر مەشخەڵ، بەرێوەبەری پێشووی قوتابخانەی كارۆخ بووە لە گەڕەكی شۆرشی هەولێر و ئەمڕۆ لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی وڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە.
بەختیار شەعبی، هاوڕێ و کەسی نزیکی دکتۆرە سامیە بە 964 ی وت، بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ هەبووە و چوار رۆژ لەمەوبەریش بۆ دوایین جار قسەی لەگەڵ کردووە کە وتوویەتی تەندروستی باش نییە.
وتیشی “لە شەستەکان یەکەمین ژن بووە لە هەولێر شۆفێری کردووە و بووەتە خاوەن مۆڵەتی شۆفێریش”.
باس لەوەدەکات ئەوکات کە شۆفێری کردووە سەیارەیەکی جۆری ڤۆڵگای رووسی هەبووە و کاتێک لێیخوڕیوە منداڵان بەدوای کەوتوون چونکە پێیان سەیر بووە ژنێک سەیارە لێبخوڕێت.
ئاماژەی بەوەشکرد تاوەکو چوار رۆژی دیکە تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە هەولێر و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاک دەسپێردرێت.
پێداچوونەوە: فەرهاد حەسەن