ساتى دۆزینەوەى تەرمەکەى تۆمار کرد

حەفارەکە ئیشى خۆى کرد؛ ئەمڕۆ پەیامنێرى 964 چیى بینى؟


وریا فەتاح

دوای هەوڵێکی بێوچان و چڕی تیمەکانی بەرگرى شارستانى و خۆبەخشان، ئەمڕۆ ئەمڕۆ تەرمى یەکێک لە منداڵەکانى رووبارى گەلى عەلى بەگ دۆزرایەوە.
ئاکام غەفور، پەیامنێرى 964 لە ئیدارەى سۆران کە بە درێژایى رۆژەکە رووماڵى پرۆسەى گەڕانى دەکرد، ئەوەى بینیویەتى بە کورتى باسى دەکات کە چۆن بەدرێژایی رۆژەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانی خۆبەخش بەدوای تەرمەکاندا گەڕاون و پەنایان بۆ چەندین رێکار و تەکنیکی نوێ بردووە.

وەک ئەوەى ئاکام باسى دەکات، یەکێک لەو هەنگاوەکان، بەکارهێنانی ئامێرێکی هەڵکەندن (حەفارە) بوو بۆ دروستکردنی شەپۆلی دەستکرد لەناو ئاوەکەدا، کە دوای بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە، لەلایەن کەسێکی خۆبەخشەوە تەرمی یەکێک لە منداڵەکان دۆزرایەوە.

پەیامنێرەکەی 964 کە وەک یەکەم میدیاکار لە شوێنی رووداوەکە بوو، ساتی دۆزینەوەی تەرمەکەی تۆمارکردووە کە نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە شوێنی خنکانەکەیانەوە دوور بووە.

ئەوەى لە ساتى دۆزینەوەکەدا سەرنجى ئاکامى راکێشاوە، سوجدەبردن و گریانى بە کوڵى ئەو کەسەبووە کە تەرمەکەى دۆزیوەتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح