292 هەزار تۆن (لە ناو پلان) و 108 هەزار تۆن لە (دەرەوەی پلان)
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پشکی هەرێم بۆ وەرزی نوێی گەنم و نرخی کڕینەوەی بەرهەمەکانی پەسەندکرد
فەرهاد حەسەن
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، بڕیاریدا شایستە داراییەکانی ساڵانی رابردوو و ئێستای جوتیاران بخرێتە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی داهاتو و خەرج بکرێن، پشکی هەرێمی کوردستان لە پلانی بەبازاڕکردنی وەرزی کشتوکاڵی (2025 – 2026) دیاریكرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە کۆبونەوەیەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیراندا، بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، جەخت لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەهێزکردنی کەرتی بەرگری و نەوت کرایەوە، هەروەها پڕۆژەکانی رێکەوتنامەی عێراق و چین بۆ ساڵی 2026 پەسەندکران و رێگە بە هاوردەکردنی هێلکە درا بۆ رێکخستنی بازاڕ.
لەبارەی کەرتی کشتوکاڵەوە، ئەنجومەنی وەزیران نرخی وەرگرتنی هەر تۆنێک گەنمی بە 700 هەزار دینار (بۆ ناو پلان) و 500 هەزار دینار (بۆ دەرەوەی پلان) دیاریکرد، كە پشکی هەرێمی کوردستانیش بۆ وەرزی داهاتوو بە 400 هەزار تۆن جێگیر کرا، کە 292 هەزار تۆنی لە ناو پلان و 108 هەزار تۆنی لە دەرەوەی پلان وەردەگیرێت.
بەگوێرەی راگەیەنداوەكە، حکومەت بڕیاریدا شایستە داراییە کۆن و نوێیەکانی هەموو جوتیاران بخاتە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی لە رێگەی قەرز و گەرەنتی بانکییەوە خەرج بکرێن، هەروەها بڕیاردرا وەرگرتنی کرێی زەوی و ئاودێری لە جوتیاران رابگیرێت تاكو ئەو کاتەی پارەی گەنمەکانیان بەتەواوی وەردەگرن.