هەواڵەکان

سێ رۆژە سێ منداڵەکە ونن و هەنگێکی بچوکیش بووە هۆکاری مردنی کەسێک

ژووری هەواڵ

وا سێ رۆژە دڵی دایک و باوکیان هەر تاو دەسەنێ و نیشانەیەک لە چارەنووسی ئەو سێ منداڵە دەرنەکەوت، کە لە سەیران و کەیف خۆشی گەڕانەوە و بە ئۆتۆمبیلەکەیانەوە کەوتنە ناو ئاوی گەلی عەلی بەگ، پیاوەکانی بەرگری شارستانی سۆران بەخۆیان و ئامێرەکانییانەوە چییان کردووە دەیانەوێ شوێن پێی منداڵەکان هەڵبگرن، ئەوەتا لە رێگەی تەکنیکی نوێوە کاری گەڕان و سۆراغکردنیان بە دوای چارەنووسی سێ منداڵەکە دەستپێکرد، تەکنیکەکە سیستمێکە لەرێگەی کامێرای حەرارییەوە کاردەکات و کارمەندێکی بەرگری شارستانیش بەشێوەیەکی بەردەوام کاری لەسەر دەکات و چاودێری گەڕانەکان دەکات.

بکوژێکی بچووک کە هەنگێک بووە بووە هۆکاری گیان لەدەستدانی هەنگەوانێک ئەم پیاوە سێ جاری دیکە بە هەنگ وەزعی تێکچووە و پزیشکیش پێی وتووە کە دەبێت واز لەو ئیشە بهێنێت، درەنگانی شەوی رابردوو، لە گوندی بەرلوت لە گەرمیان، مامۆستایەک بەناوی نەجمەدین سابیر کە 15 ساڵ بوو کاری هەنگەوانی دەکرد، هەنگەکانی پێیانەوەدا و گیانی لەدەستدا.

خەڵک خۆی لە خوای دەوێ پارەیەکی کەمتر بدات بە بایەعی، کەچی بریکارەکان ناڕازین و دەڵێن، لەو پارەیەی لە خەڵکی وەردەگرن بەرامبەر پێدانی رۆن و برنج و دۆشاو، هیچیان بۆ نامێنێتەوە و بگرە هەندێک جاریش زەرەر دەکەن.

زۆرجار لە نێوان مانەوە و مردندا تەنیا موعجیزەیەک هەیە، ئەمە رێک بۆ چیرۆکى ژیانى هەوار قادر راستە، کاتێک 38 ساڵ لەمەوبەر موعجیزە ئاسا لە مەرگێکى راستەقینە رزگارى دەبێت و وەک برینێکى زیندوى گوندى گۆپتەپە دەمێنێتەوە.