"خەتارە" ئەو گوندەی تایبەتمەندی خۆی هەیە
لە گوندێکی ئێزدی سواڵکردن و وێنەگرتنی مەراسیمە ئایینییەکان قەدەغەکران
فەرهاد حەسەن
پیاو ماقوڵ و ریشسپیانی گوندی خەتارەی ئێزدینشین کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ هەندێک دیاردە و نەریتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکەیان دابنێن، کە ئێستاکە وەکو کێشە و گرفتێکی گەورە رووبەڕوویان بووەتەوە.
ئەنجومەنی ئەو گوندە بڵاویکردەوە، چەند رێکار و رێنماییەکیان پێشنیار کردووە جێبەجێی بکەن بۆ ئەوەی لە کۆڵ ئەو کێشانە ببنەوە.
بەپێی رێکارەکان وێنەگرتنی مەراسیمە ئاینیيەکان قەدەغەیە، تەنانەت بە بەکارهێنانی مۆبایلیش، هاتنە ناوەوەی فۆتۆگرافەرانی دەرەوەی گوند و کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ وێنەگرتنی تەوافەکە قەدەغەیە، وێنەگرتن تەنیا بۆ فۆتۆگرافەرانی دانیشتوانی گوندە ئەوانیش تەنیا بۆ پاراستنی وەک ئەرشیف، ئەو کارە بکەن نەک بۆ بڵاوکردنەوەی گشتی.
بڵاوکردنەوەی هەر ناوەڕۆکێکی میدیایی لە کاتی مەراسیمی تەوافدا قەدەغەیە، بەڵام جۆرە شایی و هەڵپەڕکێکردنەکان بە جلوبەرگی فۆلکلۆری رێگەپێدراوە.
هێنانی یاری منداڵان و مێزی قومار بۆ گۆڕەپانەکە و بەکارهێنانی چەکی ئاگرین قەدەغەیە
ئەنجومەنەکە دەڵێت، هەرکەسێک ئەم رێنماییانە جێبەجێ نەکات و سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی توندی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر، داواش لە هەموو دانیشتوان دەکەن کە هەموویان پابەندی ئەم رێنماییانە بن، چونکە دەڵێن “پیرۆزی رێوڕەسمە ئاینییەکان و سەلامەتی هەمووان گرنگە”.