بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی رێکخراوی ئینتەرنیوز

هەواڵی ناڕاست کاریگەری لەسەر وەرگرتنی ڤاکسین هەبووە

964+
فەهمی نەبی
رێکخراوی ئینتەرنیوز لە پڕۆژەیەکدا گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی، لە سەروەختی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا هەواڵی ناڕاست و دەنگۆ کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر ژیانی خەڵک، بەجۆرێک دەنگۆی ناڕاست کاریگەری هەبووە لەسەر کەمی رێژەی بەشداری خەڵک لە وەرگرتنی ڤاکسین.

پڕۆژەکە ساڵێک و سێ مانگی خایاندووە، دانیشتوانی هەریەکە لە کەمپەکانی حەسەن شام، خازر، بەحرکە و هەرشەم کراونەتە نمونەی هەڵسەنگاندنەکە، ئەمڕۆ 15.3.2023 رێکخراوی ئینتەرنیوز ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنەی لە شاری هەولێر راگەیاند.
رێکخراوی ئینتەرنیوز پێناسەی خۆیان دەکەن بەوەی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی قازانج نەویستە و زیاتر لە 100 وڵات کاردەکەن، ئۆفیسی سەرەکی ئەو رێکخراوە لە عیراق لەشاری هەولێرە.

گۆران رەسوڵ، بەڕێوەبەری پڕۆژە لە رێکخراوی ئینتەرنیوز، بۆ 964 وتی “بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست کاریگەری راستەوخۆی هەبووە بۆ سەر ژیانی خەڵک، بۆ نمونە خەڵک هەیە وتویانە تێکەڵکردنی دوو بابەت بۆ چارەسەرکردنی کۆڕۆنا باشە، بەڵام نەک چارەی نەکردوە بەڵکو گەدەی دووچاری کێشە کردووە”.

گۆران ئەوەشی وت “لەم هەڵسەنگاندنە دوو هەزار و 84 دەنگۆمان کۆکردۆتەوە، بەشی هەرە زۆری پەیوەندیان بە تەندروستی خەڵکەوە هەبووە، بۆ نمونە دەنگۆ هەبووە ڤاکسین خەڵک دەکوژێت، یان توشی نەزۆکیت دەکات، یان کوێرت دەکات. لە کاتێکدا ڤاکسینەکان هیچ کێشەیەکیان نەبوو، ئەو دەنگۆیە ناڕستانە وایان کرد رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین بەو جۆرە نەبێت، لە هەموو عێراق %19.8 خەڵک ڤاکسینیان وەرگرتووە، لە کاتێکدا ئەو رێژەیە بەگوێرەی دانیشتوانی عێراق کە 44 ملیۆن کەسە، هەشت ملیۆن کەس دەکات کە هەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە”.

بەگوێرەی زانیاریەکانی رۆژنامەیەکی تەندروستی ئەمریکی بەناوی Tropical Medicine بەتەنیا لە ساڵی 2020، لە سەروەختی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا پێنج هەزار و 800 کەس بەهۆی هەواڵی ناڕاستەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراون، لەو ژمارەیە 800 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

لە رۆژی 1.3.2020 یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەولێر تۆمارکرا، تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 170 هەزار کەس ڤاکسینی کۆڕۆنایان وەرگرتووە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لەماوەی سێ ساڵی رابردوو ژمارەی تووشبوانی پەتای کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان 466 هەزار و 963 کەس بووە، ئەوانەشی بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە ژمارەیان حەوت هەزار و 468 کەس بووە.