رۆناڵد ریگن لەوێ بریندار بوو
هۆتێلی “هێڵتۆن”، مۆتەکەى سەرۆکەکانى ئەمریکا
964+
وریا فەتاح
هۆتێل “هێڵتۆن”، خەریکە دەبێتە مۆتەکەى سەرۆکەکانى ئەمریکا، 45 ساڵ لەمەوبەر رۆناڵد ریگان لەوێ بە سەختى پێکرا و ئەم بەیانییەش خەریک بوو ترەمپ پێوە بێت.
ئێوارەى دوێنێ بە کاتى واشنتۆن و بەرەبەیانى ئەمرۆ بە کاتى هەولێر، لە کاتی ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، دەنگی تەقە لە دەرەوەی هۆڵەکە ترس و دڵەڕاوکێی دروست کرد و هێزە ئەمنییەکان بە پەلە ترەمپ و جەی دی ڤانسیان لە هۆتێلەکە بردبووە دەرەوە.
ئەم دیمەنە بۆ ئەمریکییەکان زۆر ئاشنا بوو، چونکە رێک لەبەردەم دەرگای ئەم هۆتێلەدا رووداوێکى تر هەیە.
30ـى ئازارى 1981، رۆناڵد ریگن، چلەمین سەرۆکی ئەمریکا، کاتێک لە هۆتێل هێڵتۆن دەهاتە دەرەوە، لەلایەن “جۆن هینکلی”ـیەوە تەقەی لێکرا.
لەو رووداوەدا ریگن بە سەختی بریندار بوو، گولـلەیەک سییەکانی کون کرد و پەراسویەکی شکاند، سکرتێری رۆژنامەوانییەکەشی بۆ هەمیشە پەککەوتە بوو.
ئێستا دوای نزیکەی نیو سەدە، دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ لە هەمان شوێن، هۆتێلی هێڵتۆنی کردووەتە “مۆتەکەیەک” بۆ سەرۆکەکانی ئەمریکا. هەرچەندە ئەمجارە ترەمپ سەلامەت بوو، بەڵام برینداربوونی بریکارێکی ئەمنی و دەستگیرکردنی چەکدارێک لەبەردەم هەمان دیوار، وایکرد تابلۆ یادگارییەکەی سەر دیواری هۆتێلەکە (کە وەک یادگاریی تەقەکردن لە ریگن هەڵواسراوە) جارێکی دیکە سەرنجی میدیاکان رابکێشێتەوە.