بەشداریی بەخاکسپاردنی رەفیق سابیر دەکەن

هەڵەبجە وەفای بۆ “لاوکبێژی برینەکانی” لەبیر ناکات

964+

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

ئەو شاعیرەی بە جیهانی وت “بە تەنیا جێی مەهێڵن”، ئەمڕۆ هەڵەبجەییەکان بە تەنیا جێی ناهێڵن. لەگەڵ گەڕاندنەوەی تەرمی شاعیری ناوداری کورد رەفیق سابیر بۆ زێدی خۆی لە قەڵادزێ، شاری هەڵەبجە بە شاندێکی باڵا وەفاداریی بۆ ئەو قەڵەمە نەمرە دەردەبڕێت و بەشداریی مەراسیمی بەخاکسپاردنی دەکات.

سەرخێڵ غەفار، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی هەڵەبجە بە 964ی راگەیاند، سەرباری ئەوەی ئەمڕۆ هاوکاتە لەگەڵ یادی 52 ساڵەی بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە، بەڵام بۆ هەڵەبجەییەکان کۆچی دوایی رەفیق سابیر پرسەی خۆیانە.

وتیشی: “وەک هەڵەبجەییەکان ئەم خەمە بە خەمی خۆمان دەزانین، هەر بۆیە وەک وەفایەک بۆ ئەو شاعیرە مەزنە، شاندێکمان لە هەڵەبجەوە بەرەو قەڵادزێ بەڕێکەوتووە بۆ ئەوەی بەشداری لە مەراسیمی ماڵئاواییکردنیدا بکەین”.

بەهۆی سەرقاڵیی بە مەراسیمەکانی یادی بۆردومانی شارەکەوە، پارێزگاری هەڵەبجە نەیتوانیوە ئامادە بێت، بۆیە شاندەکە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری رۆشنبیری و بە نوێنەرایەتیی توێژە جیاوازەکانی شارەکە لە رۆشنبیران، مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتییە دیارەکان پێکهاتووە، کە ئەمڕۆ لە قەڵادزێ نوێنەرایەتیی خەم و وەفای هەڵەبجە دەکەن.

پەیوەندیی رۆحیی نێوان رەفیق سابیر و هەڵەبجە لە قەسیدە بەناوبانگەکەی “بە تەنیا جێی مەهێڵن”دا بەرجەستە دەبێت، کە بووەتە سیمبوولی نەمر و ناسنامەی یادی کیمیابارانکردنی شارەکە.

ئەم شاکارە کە ساڵانە لە یادەکانی هەڵەبجەدا وەک لاوکێکی بریندار دەنگ دەداتەوە، لەلایەن گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری رۆژهەڵاتی کوردستان (عەلی عابدی)ـەوە ئاوازی بۆ دانراوە و هەر خۆیشی بۆ یەکەمجار چڕیویەتی.

ساڵى رابردوو لە یادى کیمیابارانى هەڵەبجە، رەفیق سابیر بۆ 964 لاوکەکەى بە دەنگى خۆى بۆ 964 تۆمارکرد.

رەفیق سابیر، یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی شیعری هاوچەرخی کوردی، لە ساڵی 1950 لە شاری قەڵادزێ لەدایکبووە. سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 28.2.2026 لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی سوید دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت، و ئەمڕۆش 26.4.2026 لە مەراسیمێکی شایستەدا و لە ئامێزی زێدی خۆیدا بە خاک دەسپێردرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

"وەسێتی خۆی بوو" سبەینێ تەرمی د. رەفیق سابیر لە قەڵادزێ بە خاک دەسپێردرێت