ئەگەر هەیە سێ ساڵ زیندانى بکرێن

لەسەر شکاندن سەرى قائیمقامى کەرکوک 7 کەس دەستگیرکران

964+

کاروان ساڵحى- کەرکوک

لەسەر شکاندنى سەرى قائیمقامى کەرکوک، حەوت کەس دەستگیرکران و هێشتاش ژمارەیەکى تر ماون بۆ ئەوەى دەستگیر بکرێن.

ئەمڕۆ شەممە، لە کاتى سەرپەرشتیکردنی لیژنەی زیادەڕۆیی لە گەڕەکی عادلیەى کەرکوک، لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە هێرشکرایە سەر قائیمقامى کەرکوک و سەرى شکێندرا.

فەلاح یایچی قائیمقامى کەرکوک بە وەکالەت بە 964ـى وت،”لە کاتى ئەرکى خۆماندابووین کە هێرشیان کردووەتە سەر ئێمە و هێزە ئەمنییەکان و ئەندامانى لیژنەى زێدەڕۆیى کەرکوک، بۆیە سکاڵام تۆمار کرد و 7 کەس دەستگیرکراون”.

بەوتەى فەلاح یایچى، ژمارەکە زۆرترە لە 7 کەس و لە کامێراکان دەرکەوتوون، بەڵام ئەوانى تر هێشتا دەستگیر نەکراون.

وەک باسى دەکات، هێرشبەرەکان چەکیان پێبووە و دواتر لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیان شاردوویاننەتەوە.

لاى خۆیەوە، پارێزەر ئەحمەد کامیل بە 964ـی وت،” هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر فەرمانبەری دەوڵەت لە کاتی ئەرک و دەوامی فەرمی، ئەوە بە پێی یاسای ژمارە 230 لە بەندی 111 ساڵی  1969، بە سێ ساڵ زیندانی دەکرێت لەگەڵ سزای دارایی “.

فەلاح یایچی لە دوای رووداوەکانی ساڵی 2017 بە وەکالەت کرا بە قایمقامی کەرکوک، بەڵام رۆژی پێنجشەمەی رابردوو دوای گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک و پێداچوونەوە بە پۆستەکان لە نێوان پێکهاتەکانی شارەکە، فەلاح یایچی لە پۆستەکەی  لادرا و ئاڤێستا شێخ محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر کرا بە قایمقامی ناوەندی کەرکوک، بڕیارە لەم چەند رۆژەدا قایمقامی نوێ بێتە شوێنەكەی.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

قایمقامی کەرکوک بریندار کرا

قایمقامی کەرکوک بریندار کرا