رووداوە گرنگەکانی ئەمڕۆ

لە وەزعی ناوخۆی عێراقەوە تا وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا

ژووری هەواڵ

ئێوارەیەکی ئارامتان هەبێت، زۆر ئەملاولاش مەکەن ئێمە پێتان دەڵێین لە بەیانییەوە تا ئێستا لە ناوخۆ و دەرودراوسێ چی روویداوە.

لە دەر و دراوسێوە دەستپێدەکەین:

📌زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ڤیدیۆی ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی وڵاتەکەی لە نزیک کەناراوەکانی لیبیا بڵاوکردەوە و وتی، هێزەکانمان بە حەوت درۆنی دەریایی دروستکراوی ئۆکرانیا دوو کەشتیی روسیایان کردووەتە ئامانج.

📌وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتی، چیتر بەرگەی بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی و فشارە ئابوورییەکان ناگرین و بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان رووبەڕووی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا دەبینەوە.

📌نزیکەی 450 قوتابخانەی ئەڵمانیا هەڕەشەی بوونی بۆمبیان پێگەیشتووە، پۆلیسی وڵاتەکەش هەڕەشەکانی بە جددی وەرنەگرتووە و داوای لە قوتابخانەکان کردووە باڵەخانەکان چۆڵ نەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە قوتابخانەکان پێشوەختە منداڵەکانیان ناردووەتەوە ماڵەوە.

📌تەلەفزیۆنی سوریا رایگەیاند، چوار ئەندامی ئاسایشی ناوخۆ لە هێرشێکی گرووپە لەیاسادەرچووەکاندا لە پارێزگای سوەیدا بریندار بوون.

📌لە 9ـی بەیانی ئەمڕۆوە فڕۆکەخانەکانی بەلجیکا داخراون و تا 11ـی ئەمشەو بەکاتی هەرێمی کوردستان بەداخراوی دەمێننەوە، کۆمپانیای چاودێریی هاتوچۆی ئاسمانیی بەلجیکا دەڵێت، بەهۆی مانگرتنی کارمەندەکانیانە و تەنیا گەشتە لەناکاوەکان ئەنجام دەدرێن.

دێینەوە ناوخۆ و عێراق:
📌نرخی غازی بازرگانی لە بەنزینخانەکانی سلێمانی لە 500 دینارەوە بوو بە 750 دینار، بەوەش پڕکردنەوەی بتڵێکی 22 لیتری لە 11 هەزار دینارەوە بۆ 16 هەزار و 500 دینار بەرزبووەوە

📌ئەرکان حەسەن وەک یەکەم قایمقامی قەزای خورماڵ دەستبەکار بوو.

📌عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەیشتە میسڕ و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری وڵاتەکە کۆبووەوە کە تاوتوێی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد.

📌چەند سەرچاوەیەکی عێراقی بە سکای نیوزیان وتووە، عەلی زەیدی بەنیازە هەریەک لە باسم عەبادی، وەزیری نەوت و مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندن لاببات.

📌باسم محەمەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دەستم لەکار نەکێشاوەتەوە و ئەو دەنگۆیانەی باس لەو بابەتە دەکەن، دوورن لە راستییەوە.