بۆ رۆژانی هەینی
هاتوچۆی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل لە رێگای ناوچە گەشتیارییەکان قەدەغە کرا
964+
شۆڕش قادری
هاتوچۆی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل لە رێگای ناوچە گەشتیارییەکان بۆ رۆژانی هەینی لە پارێزگای هەولێر قەدەغە کرا.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە ئاگادارییەکدا بۆ هەموو شوفێرانی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل دەڵێت، “لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و رێکخستنی هاتوچۆ لە ناوچە گەشتیارییەکان، بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی هاتوچۆی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل لەو رێگایانەی دەکەونە ناوچە گەشتیارییەکان، بۆ هەموو رۆژانێکی هەینی بۆ ئەوەی جەنجاڵی هاتوچۆ لەو رێگایانە دروست نەبێت”.
هاتوچۆی هەولێر کاتەکەشی داناوە و دەڵێت، لە کاتژمێر 7ـی بەیانی رۆژانی هەینی تا کاتژمێر 12ـی شەو بارهەڵگر و ماتۆڕەکان بۆیان نییە بچنە رێگای ناوچە گەشتیارییەکان.
هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهاردا و لەکاتی گەشت و سەیرانی هاوڵاتیان، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ئەم بڕیارە دەردەکرێت.