"نزیکەی 1000 دار دەچێنین"
سەنتەری شاری دهۆک جوانتر و سەوزتر دەکرێت
964+
سیداد حەبیب – دهۆک
پڕۆژەی سیتی سەنتەری دهۆک کە نۆژەنکردنەوەی شۆستە و شەقام و نەمام چاندن لەناو شار لەخۆ دەگرێت، لە قۆناغی کۆتاییدایە و هێندەی نەماوە تەواو ببێت.
ماوەی نۆ مانگە کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی شۆستەکانی ناو بازاڕی دهۆک کە بەپڕۆژەی (سیتی سەنتەر) ناسراوە بەردەوامە و قەرارە تا دوو بۆ سێ مانگی دیکە کۆتایی بێت.
شێروان حەسەن بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی دهۆک بە 964ـی وت، “مانگی حەوتی پارساڵ دەستمان بە پڕۆژەکە کرد و ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە یەک ساڵە، بەردەوام خەریکی کارکردنین و ئاوا بڕوات دوو مانگی دیکە تەواو دەبین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەکە جگە لە دروستکردن و رێکخستنەوەی شۆستەکان، قیرکردنی جادەکانیش لەخۆ دەگرێت و لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی هەزار دار دەچێنین، بەوەش رێژەی سەوزایی لەناو جەرگەی شار زیاد دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری