"زۆرترین کەس بێنەوە بەر خوێندن"
زانکۆی کۆبانی لە رێگەی “فێربوونی کراوە” دەرفەتی نوێ بۆ خوێندکاران دەڕەخسێنێت
فەرهاد حەسەن
بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی ناوچەکە رووبەڕووی بووەتەوە و بۆ ئەو خوێندکارانەی نەیانتوانیوە خوێندن تەواو بکەن، زانکۆی کۆبانی دەرفەتێکی نوێی بۆ ئەو خوێندکارانە رەخساند ئەویش لە رێگەی “فێربوونی کراوە”یە.
زانکۆکە، پێشتر لە ساڵی 2024 دەرگاکانی بە رووی کارمەندانی دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کردەوە کە نەیانتوانی خوێندن تەواو بکەن، ئێستاش فراوانکردنی ئەم دەستپێشخەرییەی راگەیاندووە بۆ ئەوەی لە رێگەی سیستەمی فێربوونی کراوەوە بەشێکی فراوانتر لە خوێندکاران بگرێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی زانکۆکە، هەوڵدەدەن دەرفەت بۆ هەموو ئەو کەسانە بڕەخسێنێت کە خوێندنیان پەککەوتووە و ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی کەمیی کەرتی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران ناچاربوون لە قۆناغە جیاوازەکاندا خوێندنیان ببڕن، ئەمەش وایکردووە زانکۆکە خوێندنی کراوە بکاتەوە وەک بژاردەیەکی جێگرەوە کە رێگەیان پێدەدات بەردەوام بن لە گەشتە ئەکادیمییەکانیان.
سیستمی پەروەردەی کراوە رێگە بە خوێندکاران دەدات لە دوورەوە بەدواداچوون بۆ خوێندن بکەن، پشت بە کەرەستەی فێربوون و وانەکانی ئۆنلاین دەبەستن، هاوکات بەپێی خشتەی دیاریکراو تاقیکردنەوەکان بە شێوەی راستەوخۆ ئەنجام دەدەن.