هۆکار چییە؟

تەماتە جارێکی دیکە دۆخەکەی تێکدا و نرخه‌كه‌ی له‌ سلێمانی بەرز بووەوە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

نرخی تەماتە لە عەلوەی سلێمانی و بە کۆ، کیلۆی لەنێوان هەزار بۆ هەزار و 200 دینارە، بەرهەمی خۆماڵی کەمە و کەشوهەوای ناجێگیری ئێران هۆکار بووە بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمە کەمبێتەوە و کاریگەری لەسەر نرخەکەی بکات.

سەروەر عەلی سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی میوانی پەیامنێری 964ـه‌ و هۆکاری گرانبوونی دەخاتەڕوو.

هاوردەی تەماتە لە ئێرانەوە بەردەوامە، تەنیا بە رێژه‌یه‌ك کەمبووەتەوە، پێشتر بریکاری وەزارەتەکە مەهدی سەهر جبوری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندبوو، بەرهەمی کشتوکاڵی جێگیرە و رێگەش دەدەن بۆ ماوەی مانگێک تەماتە لە دەرەوە هاوردە بکرێت.

کەرتی کشتوکاڵی عێراق لە نرخ و بەرهەمەوە جێگیرە و هەموو شتێک بەردەستە، تەنیا بەرهەمی تەماتە نەبێت، کە لە کۆتایی بەرهەمی پاییزدایە، لە ماوەی داهاتووشدا بەرهەمی نوێ پێڕادەگات.

وەزارەتەکە رێگە دەدات بۆ ماوەی مانگێک تەماتە هاوردە بکرێ بۆ ئەوەی پێداویستی بازاڕ پڕبکرێتەوە و هەر کاتێک بەرهەمی ناوخۆش پێگەیشت، هاوردەکە رادەگیرێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا