سیناریۆیە چاوەڕوانکراوەکان چین؟

لە ئەگەری رێکنەکەوتن و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران

 964+

فەرهاد حەسەن

هەرچەندە لە دوێنێوە، بۆ ماوەی پێنج رۆژ هێرشەكەی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دواخراوە، گوایە خواستێك هەیە لەرێگەی دانیشتن و گفتوگۆ بگەنە رێككەوتنێك و كۆتایی بە جەنگەكە بهێندرێت، بەڵام لە ئەگەری شكستهێنانی گەیشتن بە رێككەوتن و ئەنجامدانی هێرشەكە، سیناریۆی چاوەڕوانكراو دێنە پێشەوە، چونكە ئێرانیش گەر هێرشی بكرێتە سەر، دەستوپێ سپی نابێت و كاردانەوەی بۆ هێرشەكەی دەبێت، هەروەك چۆن لەماوەی 25 رۆژی رابردوی جەنگە كاردانەوەی هەبووە.

ئەوەی دیار و ئاشكرایە ئامانجی هێرشەكەی ئەمریكا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران دەبێت، لەبەرامبەریشدا ئێران بەهەمانشێوە وتویەتی لێدان لە ژێرخانی وزەم یەكسانە بە لێدان لە ژێرخانی وزەتان، واتا لێدان لە ژێرخانی وزە وڵاتانی ناوچەكە كە هاوڕێ و هاوپەیمانی ئەمریكان.

پێش هەموو شتێك حەزئەكەم زانیاری ئەوەتان بدەمێ، كە وزەی كارەبای ئێران لە یەك سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نییە، بەڵكو 94 دامەزراوەی وزە هەیە كە کارەبا لە سەرچاوەكانی (با، وزەی خۆر، سووتەمەنی رەق و كەهرۆئاوی) بەرهەم دەهێنن.

چەند وێستگەیەک کار لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران دەکەن، بەڵام سێ وێستگەیان لەهەرە گرنگەکانن.

یەكەمیان: وێستگەی (دەماوەند) لە تارانە لە 12 یەكە پێكهاتووە و بە گاز كاردەكات و 2868 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت.

دووەم: وێستگەی (كرمان) كەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و لە هەشت یەكە پێكهاتووە و ئەویش بە گاز كاردەكات و 1912 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت.

سێیەم: وێستگەی (رامین) لە ئەهوازە ئەویش لە هەشت یەكە پێكهاتووە، بەڵام بە گازی سروشتی و گازوایل كاردەكات و 1903 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت.

عەباس علیابادی وەزیری وزەی ئێران لەوەڵامی هەڕەشەكەی سەرۆكی ئەمریكا وتی “ئەمریكا بەهەڵە تێگەیشتووە وایزانیوە بەرهەمهێنانی كارەبامان لەیەك سەرچاوەیە، بۆیە ئەگەر بشكرێتە ئامانج بەهیچ شێوەیەك كێشەی كارەبا لە ئێران بەو شێوەیە دروستنابێت كە سەرۆكی ئەمریكا باسیكردووە.

جا با بزانین ئەگەر لەماوەی ئەم پێنج رۆژە هیچ شتێك بۆ رێكەوتنی نێوان ئەمریكا و ئێران سەوز نەبوو و ئەمریكاش هێرشەكەی ئەنجامدا، با بزانین  لێکەوتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان لەبەرامبەر كاردانەوەكانی ئێراندا لبۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە چی دەبن؟.

با یەكەمجار رووبكەینە وڵاتی قەتەر، كە مەودای ئاسمانی نێوانی لەگەڵ ئێراندا لە نێوان 1150 تاوەكو 1157 كیلۆمەترە و زۆر بە ئاسانی مووشەكەكانی دەگاتێ‌، لە  قەتەر دامەزراوەکانی وزەی “رەئسلەفان” دەبنە ئامانجێکی ستراتیژی ڕاستەوخۆ، چونکە کۆمپانیای “ئێکسۆن مۆبیل”ی ئەمریکی پشکی ٢٥٪ی لەو پڕۆژە هاوبەشەدا هەیە.

دووەم ئامانج وڵاتی سعودیە دەبێت، كە مەودای ئاسمانی نێوانیان لە قەتەر كەمترە و لە 1300 تاوەكو 1310  كیلۆمەترە، لەو وڵاتە  پاڵاوگەی “ڕەئس تەنوورە” و کێڵگەی نەوتی “شەیبە” دەکرێنە ئامانج، چونكە ئەم دامەزراوانەی وزە وەكو هاوبەش پەیوەندییان بە كۆمپانیای “بلاک ڕۆک”ی ئەمریكی هەیە، کە ٤٩٪ی پشکی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی بۆرییەکانی هەیە.

سێیەم ئامانجی ئێران وڵاتی ئیمارات دەبێت، كە نزیكترین خاڵی سنووری نێوانیان لە كەنداوی عەرەبی لەنێوان 54 تاوەكو 95 كیلومترە، لەوێش دامەزراوەکانی کۆمپانیای “ئادنۆک” دەکرێنە ئامانج، چونكە ئەویش هاوپەیمانی كۆمپانیای  “بلاک ڕۆک”ی ئەمریكییە و پشکی ٤٠٪ی تێدا هەیە.

دیارە وڵاتی ئیسرائیلیش، ئامانجێكی بەردەوامی ئێرانە، لەوێ کەرتی وزە و گازی ئیسرائیل لە کێڵگەی “لیڤیەتان” رووبەڕووی كاردانەوەی ئێران دەبێتەوە، کۆمپانیای “شیفرۆن”ی ئەمریکیش هاوبەشێكی سەرەكییەتی و ماوەیەكیشە بەهۆی جەنگ و هەڕەشە ئەمنییەکانەوە باری نائاسایی راگەیاندووە.

جا با ئەوەشتان پێبڵێم، لە ئەنجامی ئەو كاردانەوە چاوەڕوانكراوانەی ئێران، قەیرانی ئاو دروست دەبێت، بەتایبەتیش لە وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمەش بە پلەی یەكەم وا دەکات شارە گەورەکانی وەک مەنامە لە (بەحرەین) و وڵاتی کوێت رووبەڕووی نەمانی ئاوی خواردنەوە ببنەوە.

وەنەبێ ئەم رووداوە چاوەڕوانكراوانە كاریگەری لەسەر ئابووری جیهان دانەنێن، بەتایبەتیش بۆسەر كەرتی نەوت، كە لەچەند رۆژی رابردووی جەنگەكەدا نرخی هەر بەرمیلێك سەرووی 100 دۆلاری تێپەڕاند، بۆیە ئەگەر ئەو پێشهاتانە لە ناوچەكە دروست بن، گومانی تێدا نییە نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەكی شێتانە بەخۆوە دەبینێت، تا رادەی ئەوەی نرخی هەر بەرمیلێک بگاتە ٢٠٠ دۆلار.

جا لێرەدا، پرسیاری جەوهەری بۆ ئەم كاردانەوە چاوەڕوانكراوانەی ئێران ئەوەیە، بڵێی ئەمریكا كارێكی وەها شێتانە بكات، كە هەم وڵاتانی ناوچەکە بکاتە قوربانی و هەمیش بەرژەوەندییەکانی خۆی رووبەڕووی مەترسی لەناوچوون بكاتەوە؟

بێگومان، دوای پێنج رۆژەكە (ئەگەر ئەمریكا هێرشەكەی ئەنجامدا) وەڵامەكەی دەبیستین!

ئێران داواکاری قوڕس و ئەمریكاش شەش مەرجی بۆ کۆتاییهێنا...

ئێران داواکاری قوڕس و ئەمریكاش شەش مەرجی بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ هەیە