بکوژە بێدەنگەکە

قتوویەکی پلاستیک 37 ساڵە لەژێر خاک وەکخۆی ماوەتەوە

ئەحمەد مستەفا

ئەم قتووەی لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، مێژووی بەرهەمهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1989. واتە نزیکەی 37 ساڵە لەناو سروشتی کوردستاندا فڕێدراوە و هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە.

رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، بەدواداCوونی بۆ مێژووی مانەوەی ئەو قتووە پلاستیکییە کردووە و دەڵێ، بکوژە بێدەنگەکەیە.

مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوەکەیە ئەو بە 964ی وت، ئەمە بەڵگەیەکی زیندوو و حاشاهەڵنەگرە بۆ ئەو وێرانکارییەی کە پلاستیک بەسەر خاک و ئاوی ئێمەی دەهێنێت.

راستییەکی ترسناک دەربارەی ئەم وێنەیە:
تەمەنی پلاستیک: تەمەنی ئەم قتووە لە تەمەنی زۆرێک لەو گەنجانە گەورەترە کە ئێستا دەیبینن، کەچی هێشتا “شی نەبووەتەوە”. زاناکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک جۆری پلاستیک پێویستی بە 450 بۆ 1000 ساڵ هەیە تا بە تەواوی لەناو خاکدا ون بێت.

سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێ، پلاستیک بە تەواوی لەناو ناچێت، بەڵکو وردە وردە دەبێتە “مایکرۆپلاستیک” و تێکەڵی ئەو خاک و ئاوە دەبێت کە سەرچاوەی بژێوی ئێمەیە.

لە کۆتایشدا، ئەم ژەهرە لە رێگەی خواردن و خواردنەوەوە دەگەڕێتەوە ناو جەستەی خۆمان، بۆیە رێنماییەکە وایە لە رێگەی ریسایکلین و رێگاچارە نوێیەکان پلاستییەکان لەناوببرێن یان ریسایکلن بکرێنەوە.

وێنەکان: رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە