لە یاریگای بازیان
لەکاتی بەڕێوەچوونی یاری نێوان سۆران و بازیان شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لەگەڕی 14ی خولی پلە یەكی كوردستان و لە یاری نێوان سۆران و بازیان گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و یاریزانانی سۆران روویدا و سەرۆكی یانەی بازیانیش دەڵێت، هیچ یاریزانێک بریندار نەبووە.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كەدەست 964 كەوتووە لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی سۆران، ژمارەیەك لە یاریزانان بریندار بوون، كە باس لە حەوت یاریزانی یانەكە دەكرێت و دەردەكەوێت كە لەو كاتەدا تیمار دەكرێن.
بەرهەم ئاڵی، سەرۆكی یانەی بازیان بە 964ـی وت، “شەڕ و ئاڵۆزییەكانی یارییەكە لەوەوە سەرچاوەی گرت كە لە خولەكی 88ـی یارییەكە، یانەی سۆران گۆڵێكی كرد و لایمەنی یارییەكە گۆڵەكەی بەهۆكاری ئۆفساید رەتكردەوە، دواتر سەرپەرشتیاری تیمی سۆران هاتە ناو یاریگاوە و بە ناوبژیوانی یارییەكەی وت، كە ئەو ئاسایشە لە ناو هێزە ئەمنییەكان داوای لە لایمەنەكە كردووە گۆڵەكە رەتكاتەوە و بەوهۆیەوە شەڕەكە دروست بووە”.
وتیشی، “یاریزانانی سۆران چوون بەرەو هێزە ئەمنییەكان و پەلاماریان دان ئەوانیش بۆ بڵاوەپێكردنیان دوو فیشەكیان تەقاندووە بە ئاسماندا بۆئەوەی گرژییەكە كۆتایی پێ بێت، هەموو شەڕەكەش دوو خولەكی خایاندووە و دواتر یاریزانی یانەی سۆران ئامادەنەبوون بێنەوە ناو یارییەكە و یارییەكە تەواو بكەن”.
ئاماژەی بەوەشكرد، یاریزانانی بازیان هیچ پەیوەندییان بە رووداوەكەوە نەبووە و تەنانەت هاندەریشی تێدا نەبووە و یارییەكە بێ هاندەر بەڕێوەچووە.
بەرهەم ئاڵی وتیشی، ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە برینداربوونی یاریزانانی سۆران دەكەن دوورن لەراستییەوە و هەمووی سیناریۆیە، یاریگای یانەكەمان لەدەرەوە و ناوەوەی یاریگا كامێرای چاودێری هەیە و وەكو بەڵگە، هاردی كامێراكان پێشكەشی یەكێتی تۆپی پێی كوردستانی دەكەین بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر كۆی رووداوەكە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری