باڵەخانەی قایمقامیەتی سلێمانی - وێنە: 964
لە مانگی شوبات
لە سلێمانی 26 شوێنی کار و خۆراک داخراون
964+
ئەحمەد مستەفا
بەهۆی مانگی رەمەزانەوە،لە سلێمانی لیژنە هاوبەشەکان سەردان و بەدواداچونەکانیان زیاتر کردووە و 26 شوێنیشیان داخستووە، هەروەک دەڵێن، هاوڵاتیان دەتوانن بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقایمقامیەت پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.
بەپێی ئاماری مانگی شوباتی 2026ـی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی زیاتر لە پێنج هەزار سەردانیان بۆ دوکان و بازاڕ و شوێنە گشییەکان ئەنجامداوە و لەو ژمارە تەنیا 454 سەرپێچی تۆمارکراوە، هەروەک 204 شوێنی دیکە ئاگادارکراونەتەوە کە پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن بن بۆ ئەوەی لیژنەکان ناچار بەسزادانیان نەبن.
بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن و دوبارەکردنەوەی سەرپێچی، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لە مانگی رابردودا 26 شوێنکاریان داخستووە و سێ شوێنی دیکەشیان روبەڕوی دادگا کردووەتەوە.
لەکاتی سەردانی لیژنە جیاوازەکانی قایمقامیەت بۆ شوێنەکان، دەست بەسەر بڕی 58 تۆن و 360 کیلۆگرام کاڵا و شمەک و خواردەمەنی جۆراوجۆردا گرتووە و لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند و بەفەرمانی قایمقام لە ناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبونی سلێمانی لەناوبراون.
لیژنەکانی قایمقامیەت ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، داهاتی مانگی رابردوی لیژنەکان 31 ملیۆن و 525 هەزار دینار بووە و بەپێی یاسا و رێنماییە داراییەکان دەخرێتە سەر داهاتی گشتی.