"بەرهەمی خۆماڵی پێبگات هەرزان دەبن"
پەتاتە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە عەلوەی سلێمانی گرانبوون
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
دوێنێ حکومەتی ئێران بڕیاریدا هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە بکات، بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ نرخی سەوز و میوە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە بازاڕکانی کوردستان بەرزبووەوە.
سەروەر عەلی سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “لە دوێنێوە بەرهەمەکان کیلۆی 200 دیناری چووەتەسەر، بۆ نموونە پەتاتە پێشتر کیلۆی بە 550 بۆ 600 دینار بوو، ئێستا بە 750 دینارە، لە رۆژی شەممەوە کە شەڕەکە دەستیپێکرد، بەرهەمەکان 400 بۆ 500 دینار گرانبوون”.
“بەرهەمە خۆماڵییەکانی خۆمان لە پێگەیشتن دان و ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا بێنەناو بازاڕەوە، نرخەکان دادەبەزن”، سەروەر عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک میوە وەک پرتەقاڵ لە لە مەرزەکانی تورکیاوە داخلی کوردستان دەکرێت، نرخەکەی کەمێک هەرزان بووە.
سەروەر عەلی ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ لەگەڵ قایمقام کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوە کراوە کە بەوردی چاودێری بازاڕ بکەن بۆ ئەوەی نرخەکان زیاتر بەرزنەبنەوە و چارەسەرێکیش بۆ هاوردەکردنی بەرهەمەکان لە چەند شوێنێکی دیکەوە بدۆزنەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری