دیمەنی چەند عەدادێکی بەنزینخانە.
وەزارەتى نەوتى عێراق:
خەمتان نەبێت نرخى بەنزین بەرز نابێتەوە
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی نەوتی عێراق پەیامێکی دڵنیایی دایە هاوڵاتییان و رایگەیاند، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و داخستنی گەرووى هورمز، کارگەکانی پاڵاوتن و خستنەڕووی سووتەمەنی بەردەوام دەبن و نرخى بەنزین بەرز نابێتەوە.
وەک ئەوەى وەزارەتەکە ئەمڕ سێشەممە بڵاوى کردووەتەوە، هەموو پاڵاوگەکانی باشوور، ناوەڕاست و باکور بە تەواوی توانای خۆیانەوە کار دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی (بەنزین، گازوایل، گازی شل).
وەزارەتەکە دەڵێت، هەرچەندە هەناردەکردنی نەوتی خاو بەهۆی داخستنی گەرووى هورمزەوە کەم بووەتەوە یان راگیراوە، بەڵام ئەمە کاریگەریی لەسەر “بەکارهێنانی ناوخۆیی” نابێت و نەوتی پێویست بۆ پاڵاوگەکان دابین دەکرێت.
جەختیش دەکاتەوە کە بنکەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی لە هەموو پارێزگاکان و رێگا دەرەکییەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری کراوەن بۆ دابینکردنى پێداویستیی رۆژانەی هاوڵاتییان.
” بڕێکی زۆر لە سووتەمەنیی زیادە لە کۆگاکاندا هەڵگیراوە و هیچ مەترسییەک لەسەر کەمیی سووتەمەنی لە ئارادا نییە”، وەزارەتى نەوت وا دەڵێت.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی وەزارەتی نەوت دوای ئەوە دێت کە بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و داخستنی مەرزەکان، نیگەرانیی لای هاوڵاتییان دروست ببوو لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کەمبوونەوەی لە بازاڕەکاندا.