دیمەنی یەکێک لە بۆردومانەکانی سوپای تورکیا لە سنووری ناحیەی دێرەلووک - وێنە؛ ئەرشیفی رێکخراوی CPT.
رێکخراوی CPT:
“بۆردومان و جموجۆڵی سەربازی نوێی تورکیا لە کوردستان پڕۆسەی ئاشتی سست دەکات”
964+
شۆڕش قادری
رێکخراوی CPT ئەمریکی دەڵێت، بۆردوومان و جموجۆڵی سەربازی نوێی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە سست دەکات و زیانی پێدەگەیەنێت.
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانیی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بە 964ـی وت، “لە دوای نزیکەی شەش مانگ لە ڕاگرتنی هێرش و بۆردوومانەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان بەهۆی دانوستان و پڕۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، سوپای تورکیا سێ بۆردوومانی لە کوێستانەکانی خنێرە لە سنوری قەزای سیدەکان ئەنجامداوە و بەشێکی “گەلی رەشاڤا”شی لە سنوری ناحیەی دێرەلووک لە پارێزگای دهۆک تەقاندەوە.”
“ئەم پێشهاتانە، جەخت لەسەر ناسکی و لاوازی پڕۆسەی ئاشتی ئەمجارە دەکەنەوە کە هەردوولا بەردەوامن لە جوڵەپێکردنی هێز، فراوانکردنی تۆڕی ڕێگاوبانی سەربازی، لێدانی تونێلی شەڕ، دروستکردنی بارەگای سەربازی نوێ و بەهێزترکردنی بارەگا سەربازییە کۆنەکان”، کامەران عوسمان وادەڵێت.
ئاشکراشیکرد، لە سێ مانگی رابردوو و بەمەبەستی دروستکردنی “ناوچەی دابڕی ئەمنی” بۆ ئامادەیی سەربازی سوپاکەیان، هێزەکانی سوپای تورکیا، فراوانکردنی تۆڕی ڕێگاوبانی سەربازی و توانای لۆجستی سوپاکەیان بەتایبەتی لە سنوری قەزای ئامێدی گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی، سوپای تورکیا تەواوی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و بەرواری باڵا لەڕێگەی تۆڕی ڕێگاوبانی نوێوە بەیەکەوە بەستۆتەوە و سێ کۆمەڵگەی سەربازی نوێی گەورەشیان لە ناوچەکەدا دروستکردووە کە هەر کۆمەڵگەیەکییان، نەخۆشخانە، بنکەی مەشق و ڕاهێنان و تۆپخانەی تێدا جێگیرکراوە.
ئەو ئەندامەی رێکخراوی CPT ئاماژەی بە هێرشەکانی سوپای تورکیا لە ساڵی رابردوودا بۆ سەر خاکی کوردستان لە سنوورەکانی سیدەکان و ئامێدی کرد و دەڵێت، “بەهۆی ئەو هێرشانەوە، لانیکەم هەزار و 192 گوندی زیانیان بەرکەوتووە و ئەوە جگەی لەوەی ژمارەیەکی زۆر گوندنشین ئاوارەبوون و 183 گوندیش چۆڵ کراون، ئەمڕۆش سێشەممە 24.2.2026 گوندنشینە ئاوارەبووەکانی دەڤەری بەری گارێ لە سنوری قەزای ئامێدی کە نزیکەی 20 مانگە گوندەکانییان پێ چۆڵکراوە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و گەیاندنی داواکارییان بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو گوندەکانییان خۆپێشاندانییان ئەنجامدا و ڕێگەی نێوان ئامێدی بۆ دێرەلووکیان داخست، تاوەکو ئێستاش هیچ بەرچاوڕوونییەک نییە کە گوندنشینانی ئەو ناوچەیە کەی دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانییان”.