رێگای سەرەکی دێرەلۆک بۆ ئامێدییان داخست
دانیشتوانی 18 گوندی ناحیەی دێرەلۆک داوا دەکەن بگەڕێنەوە گوندەکانیان
964+
شڤان عەبدوڵا – دهۆک
جوتیاران و دانیشتوانی 18 گوندی سنووری ناحیەی دێرەلوک لە قەزای ئامێدی، وەک ناڕەزایەتییەک دژی رێگری لێکردنیان بۆ چوونە سەر زەوی و زارەکانیان، رێگای سەرەکی ناحیەکەیان بەرەو سەنتەری قەزای ئامێدی داخست.
خۆپیشاندەران دەڵێن، ماوەیەکی زۆرە هێزە ئەمنییەکان رێگەیان پێنادەن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان، ئەمەش زیانی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ و بژێوی ئەو خێزانانە گەیاندووە.
هۆکاری سەرەکی رێگری هێزە ئەمنییەکان بۆ مەترسییەکانی تۆپباران و نائارامی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام جوتیارانی ئەو 18 گوندە کە زۆربەیان دەکەونە ناوچەی بناری “چیای گارە”، سوورن لەسەر ئەوەی بچنەوە سەر باخ و رەزەکانیان.
گوندەکانی (مژێ، کەڤنەمژێ، سپیندارا، خەلفۆ و گێرگاش) لە دیارترین ئەو گوندانەن کە بەهۆی ململانێ سەربازییەکانەوە چۆڵکراون و دانیشتوانەکەیان ئێستا لە ناوەندی شارۆچکەکان نیشتەجێن، ماوە ماوە بۆ هەندێک کاری جوتیاری و سماق چنینەوە دەچنە گوندەکانیان.
964 هەوڵیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلۆک رێبەر گیزی قسە بکات، بەڵام وەلامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لەقەزای ئامێدی بە 964ـی وت، مەبەستمان لەم رێگرییە پاراستنی خوێنی ئەوانە و لەخەمی ئەوانین، لەم دوو سێ روژەدا رێگاکە بەفەرمی دەکرێتەوە و ئەوان دەتوانن بچنە ناو گوندەکانیان.
ناوچەی بەری گارە و گوندەکانی دەوروبەری ناحیەی دێرەلوک، ساڵانێکی زۆرە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە ناسەقامگیرە، بەمەش کێشە بۆ گوندنشینەکان و جوتیارەکان دروستدەبێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی