شهوی رابردوو چی روویدا؟
“واشنتن هەموو ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران تەواو کردووە”
964+
عهبدولباری ساڵح
بۆ ئەوەی لە هەواڵەکان دانەبڕێن بەکورت و پوختی هەموو ئەو رووداوانەی لە چەند کاتژمێری رابردوو لە ناوچەکە و جیهان روویانداوە لێرە بۆمان کۆکردوونەتەوە؛
ترەمپ رەتیدەکاتەوە هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ سوپاسالاری وڵاتەکەی هەبێت و دەڵێت، “بڕیاردەر لەسەر ئێران منم و پێم باشە رێککەوتن بکەین، بەپێچەوانەوە رۆژێکی زۆر خراپ چاوەڕێیان دەکات”.
کەناڵی 14ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، واشنتن هەموو ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران تەواو کردووە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، ئەمریکا بە ئێرانی راگەیاندووە گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیە دوا دەرفەتە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەری سیاسی.
سەرچاوەکانی حەدەس ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زۆر نزیک بووەتەوە و هێزی ئاسمانی ئیسرائیلیش گڵۆپی سەوزی بۆ وەرگرتنی هێرشی دەستبەجێ وەرگرتووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاستی 4ی دەرکرد و داوای لە هاوڵاتیانی کرد بەهۆی مەترسییەکانی جەنگ و تێکچوونی دۆخی ئەمنی گەشت بۆ لوبنان نەکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت فەرمانی دا کارمەندە نا-بەپەلەکان و خێزانەکانیان بەهۆی مەترسییەکانەوە دەستبەجێ خاکی لوبنان جێبهێڵن.
میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردەوە کە دوێنێ شەو ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیروتەوە خاکی ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە.
رووسیا ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران دەربڕی و داوای کرد ئەمریکا پلانەکانی بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان رابگرێت.
لە مۆسکۆ بەهۆی تەقینەوەیەک لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەر پۆلیسێک کوژرا و 2ی دیکە بریندار بوون.
واشنتن مۆڵەتی تا رۆژی هەینی داوەتە بەغداد بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە دوور بێت لە هەژموونی ئێران، ئەگەر نا سزای زۆر قورسی دارایی بەسەردا دەسەپێنێت.
سەرچاوەکانی حەدەس باس لەوە دەکەن ئەمریکا فشاری توندی خستووەتە سەر لایەنەکان و سوودانی بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی وتووە واشنتن دژی کاندیدکردنی مالیکییە.
بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ توم باراک رایگەیاند کە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاردەرە لەسەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تێیدا جەختیان لە یەکڕیزی خۆیان کردەوە و داوایان کرد دوو حزبەکەی هەرێم کرد پرسی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بێ چارەسەرکردنی فراوانبوونی ناتۆ بەرەو سنوورەکانیان، مەحاڵە کێشەی ئۆکرانیا و ناسەقامگیری ناوچەکە کۆتایی بێت.
مۆسکۆ رایگەیاند کە ئەگەر بە رێگەی سیاسی پرسی ناتۆ چارەسەر نەکرێت، ئەوا بە رێگەی سەربازی سنوورێک بۆ فراوانخوازییەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە دادەنێن.
هێزە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی رۆژئاوا ئۆپەراسیۆنی فراوانیان دەستپێکردووە و لە باشووری لوبنانیش تەقینەوەیەکی گەورەیان لە شارۆچکەی عەیتا شەعب ئەنجامدا.
بڕیاری نوێی ترەمپ بۆ سەپاندنی رەسمی گومرگی بە رێژەی 10% بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکاندا، دوای بڕیاری دادگای باڵای ئەمریکا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەرپرسانی کۆشکی سپی پەیوەندییان بە چەند دەوڵەتێکی عەرەبییەوە کردووە بۆ دڵنیاییکردنەوەیان لەوەی لێدوانەکانی هاكابی تەنیا رای کەسیی خۆیەتی و سیاسەتی فەرمی نییە.
20 وڵات و دەستەی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرکۆنەی رێکارەکانی ئیسرائیلیان لە کەرتی رۆژئاوا کرد و داوای راگرتنی توندوتیژیی کۆچنشینەکانیان کرد.
چین ناوی 20 دامەزراوەی یابانی خستە لیستی سزاکان و سنووردارکردنی هەناردەکردنەوە، وەک وەڵامێک بۆ رێکارە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە.