نامەیەک گەیشتووەتە مۆبایلی بەشێكی ئێرانییەكان
چی تێدا نووسراوە؟
نامەیەک گەیشتووەتە مۆبایلی بەشێكی ئێرانییەكان
964+
ئهرسهلان عهبدوڵا
میدیاكانی ئێران ئاشكرایان كرد، ئەمڕۆ دووشەممە كورتەنامەیەك لە سەرچاوەیەكی نادیار و نامۆوە و لە رێگەی مۆبایلەوە گەیشتووەتە بەشێكی ئێرانییەكان و تێیدا نووسراوە، “سەرۆكی ئەمریكا پیاوی كردارە، چاوەڕێ بكەن و ببینن”.
نامەكە بەپێی میدیاكان، بارێكی شڵەژانی لای ئەو كەسانە دروست كردووە، كە نامەكەیان پێگەیشتووە.
ئەم پەیامە دوای زنجیرەیەک هەڕەشەی ئەمریکا هات کە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکستیان هێنا، هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دەستپێدەکات، هاوکاتیشە لەگەڵ ئەوەی هەزاران خوێندکار لە ئێران بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی رابردوو رژانە سەر شەقامەکان.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە راوێژکارەکانی ڕاگەیاندووە، لە چەند مانگی داهاتوودا بیر لە هێرشێکی بەرفراوان دەکاتەوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی ئێران ناچار بکات دەست لەکاربکێشنەوە، ئەگەر دیپلۆماسی یان لێدانی پێشوەختە نەتوانێت داواکارییەکانی ئەمریکا بەدیبهێنێت.
هەرچەند ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام مەیلی بەرەو دەستپێکردنی گورزی پێشوەختە لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ ناچارکردنی سەرکردەکانی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان و رازیکردنیان بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی هەیە، ئەمەش هەر بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە.