کیلۆى بە 500 دۆلارە
دەنکێک هەڵوژە بە 7 هەزار دینار؛ بێزوکەرەکان بازاڕیان گەرم کردووە
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلیمانى
هەمووان باسى گرانى نرخى زێڕ دەکەن، بەڵام هەڵوژەى ترش ئەوەندە بەرزە لە جیاتى مسقاڵ بە دەنک دەفرۆشرێت، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە ساڵى نوێدا هەڵوژەی ترش گەیشتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام نرخەکەى ئەوەندە بەرزە، ترشییەکەى تفت کردووە.
کیلۆیەک هەڵوژەی ترش بە 500 دۆلار دەفرۆشرێت، ئەمەش وای کردووە نرخی تەنیا یەک دەنک بگاتە 7 هەزار دینار.
مەهدی حوسێن، خاوەنی “فرێش فروت” بە 964ـی راگەیاند، هەڵوژەکان لە تورکیاوە هاوردە کراون و نۆ کارتۆن گەیشتووەتە دەستیان.
دەشڵێت: تەنیا ئەمشەو کارتۆن و نیوێکی لێ فرۆشراوە، بڕیارە بەشێکیشی بۆ بەغدا بنێردرێت.
بەوتەى ئەم فرۆشیارە، زۆرترین خواست لەلایەن ژنی بێزوکەرەوەیە کە ناتوانن لە ئاست تامی ئەو میوەیە خۆیان رابگرن.
مەهدی حوسێن بە پێکەنینەوە وتى،” نرخەکە ئەوەندە گرانە، ئەگەر یەکێک لە کارمەندەکانی من تەنیا یەک دەنک لەو هەڵوژەیە بخوات، دەبێت سێ رۆژ بەبێ مووچە کار بکات”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح