رێگاى کۆیە- دوکان

لە رووداوێکى هاتوچۆدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا

دەریا ئەحمەد- کۆیە

بەهۆی ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆوە لەسەر رێگای سەرەکی نێوان قەزای کۆیە و قەزای دووکان، سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا.

سەنگەر سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە بە 964ـى راگەیاند، رووداوەکە زۆر سەخت بووە و پێکدادانەکە لە نێوان بارهەڵگرێک لە جۆری (میکسەر) و ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس بووە.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە ئاماژەی بەوەشدا، ئەو سێ کەسەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، سەرنشینی تۆیۆتا هایلۆکسەکەن.

لە بارەی گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری و لێکۆڵینەوە، سەنگەر سەڵاحەدین وتی: “زانیارییە سەرەتاییەکانی گیانلەدەستدانی ئەو سێ هاوڵاتییەمان لەلایەن نەخۆشخانەوە پێدراوە، لە ئێستاشدا تیمەکانی هاتوچۆ بەڕێگاوەن بۆ شوێنی رووداوەکە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح