پێشتر 964 بەدواداچوونی بۆ کردبوو
چارەسەری دەیان داری رێگای تەکیە بۆ چەمچەماڵ دەکرێت کە بەهۆی لافاوەکەوە مەترسیان لەسەربوو
964+
فەرهاد حەسەن
بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی چەمچەماڵ بڵاویکردەوە، کاری چاککردنەوەیان بۆ جۆگەی ناوەندی رێگای سەرەکی تەکیە بۆ چەمچەماڵ کردووە کە بەهۆی لافاوەوە زیانی پێگەیشتبوو، پێشتریش 964 بەدواداچوونی بۆ دەیان داری ناو ئەم جۆگەیە کردبوو کە خەریکە بەهۆی کاریگەرییەکانی لافاو لەناو دەچن.
رێگاوبانی چەمچەماڵ دەڵێت، لە لایەن تیمەکانیانەوە دەستیان بە چاککردنەوەی جۆگەکە کردووە و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتووش بەردەوام دەبن.
دوای ئەوەی لە رۆژی 9.12.2025 لافاو رووبەڕووی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری بووەوە و زیانی جۆراوجۆری بەجێهێشت، یەکێک لەو شوێنانە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر دەیان درەختی بەتەمەن دروستکردبوو کە کەوتوونەتە سەر رێگای گشتی چەمچەماڵ بۆ ناحیەی تەکییە، چونکە هێز و تەوژمی لافاوەکە زۆربەی ئەو ئەو درەختانەی بنکۆڵکردبوو و رەگەکانی لە ژێر خاک دەرهێنابوون.
مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، چووبووە شوێنەکە و لێدوانێکی ڤیدیۆی بۆ 964 ناردبوو داوایکرد هەرچی زووە چارەسەرێکی دۆخی ئەم دارانە بکرێت.
دەشڵێت “پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکانم لەو کێشە ژینگەیە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام بە داخەوە تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە”.