لیندزی گراهام دەڵێت بڕیاری لێدان لە ئێران دراوە و پۆڵەنداش هۆشداریی دا

وەزعە بەرەو شەڕ هەنگاو دەنێت

ئەرسەلان عەبدوڵا

لیندزی گراهام ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا و دۆستی کورد ئاشکرای دەکات، ئەمریکا لە بارەی لێدانی ئێرانەوە بڕیاری خۆی داوە، لەولاشەوە مۆسکۆ دەڵێت، هەڵکشانێکی ترسناک هەیە بەرەو شەڕ و پێکدادان.

گراهام لە بەرنامەیەکی تۆڕی سکای نیوز ئاشکرای کرد، بڕیاری لێدانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە دراوە، ئەو کەشتییانەی هاتوونەتە ناوچەکە بۆ کەشوهەوای خۆشی ئەوێ نەهاتوون.

لیندزی گراهام دەڵێت، ئێمە پێویستمان بە کردەیەکی سەربازی دژی ئێران هەیە.

هەروەها ئاشکرای دەکات، “پڕۆژەیەکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە بۆ لاوازکردنی تواناکانی ئێران، کە نەتوانێت چیتر گەلەکەی خۆی بکوژێت، ئەمەش هەواڵێکی خۆشە”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ بە سەرۆکی وڵاتەکەیان وتووە، رۆژی شەممەی داهاتوو بە تەواوی ئامادە دەبن بۆ هێرشکردن.

ئێران: ئامادەین گەرووی هورمز دابخەین

عەلی رەزا تەنگەسیری بەرپرسی باڵای هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران ئامادەن بە خێراترین کات گەرووی هورمز دابخەن.

هێزەکانی ئێران ئەمڕۆ مانۆرێکی سەربازییان لە ژێر ناوی “کۆنتڕۆڵی زیرەکانەی گەرووی هورمز” کۆتایی پێهێنا و تەنگەسیرییش دەڵێت، هەر کاتێک فەرمانمان پێبکرێت، گەرووەکە دادەخەین یان دەستی بەسەردا دەگرین”.

پۆڵەندا ترسی لێ نیشتووە

ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند: دەبێت هەموو پۆڵەندییەکان دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن.

دەشڵێت، “ئەگەری هەیە دەرفەتی گواستنەوەی پۆڵەندییەکان لە ئێران، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا کۆتایی بێت.”

ئەو پەیامەی سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا لەخۆوە نییە و پێدەچێت شتێک بزانن و زانیارییان لە بارەی هەنگاوی داهاتووی ئەمریکا بۆ ئێران هەبێت.

لەگەڵ ئەوەی دوو گەڕی دانوستانی ئێران و ئەمریکا لەسەر پرسی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، ئەوەی هەیە لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولایە بۆ گفتوگۆی زیاتر و نزیکبوونەوە لە رێککەوتن، بەڵام هەواڵەکانی ئەمڕۆ هیچ شتێکی باشی لە بارەی ئاشتی و رێککەوتن تێدا نییە.