فرۆشیارێکی مریشک: ئێستا فرۆشمان نیو هێندەی جارانە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
تەنانەت ئەمڕۆ کە هەینیە دوکانەکەی سیامەند جەلالی مریشکفرۆش چۆڵە، چونکە نرخەکەی زۆر بەرزبووەتەوە و هاوڵاتیان کەمتر دەیکڕن.
لە ئێستادا نرخی یەک کیلۆ مریشک لە بازاڕەکانی سلێمانی لەنێوان چوار ھەزار دینار بۆ چوار ھەزار و 250 دینارە.
ئەگەرچی سیامەند هەموو رۆژانێکی هەینی زیاتر لە 50 مریشکی فرۆشتووە، بەڵام وەک بۆ 964ـی باسکرد، ئەم هەینیە تا ئێستا نەگەیشتووەتە فرۆشتنی 25 مریشک.
نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، هۆکاری بەرزی نرخی مریشک گرانیی جوچکەیە کە لە 30 سەنتەوە بووە بە 75 سەنت و ڤاکسین و ئالیکیش نرخیان بەرزە.
دەشڵێت، “حکومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتییەکی کێڵگە پەلەوەرییەکان ناکات تا مریشک بە نرخی کەمتر بگاتە دەست هاوڵاتیان”.
شاری سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 100 تۆن گۆشتی مریشک هەیە، هەروەها زیاتر لە 900 کێڵگەی پەلەوەریش لە سنوورەکە بوونیان هەیە.
سەرەرای بەرزی نرخی مریشک، بەڵام بە وتەی سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان هێشتا خاوەن کێڵگەکان لە زەرەردان.
بە قسەی نازم عەبدوڵا، ئەم نرخەی ئێستا کاتییە و دادەبەزێت، بەڵام هیوادارە کیلۆی لە سێ هەزار دینار کەمتر نەبێتەوە، چونکە پێداویستییەکانی پێگەیاندنی مریشک گرانن.