"خۆیان کێشەی ریکلامیان هەیە"
لەگەڵ رادیۆکانی سلێمانی قسەکرا، ئاگاداری نابینایان و ژینگە بن
964+
ئەحمەد مستەفا
نوێنەر و ئەو کەسانەی دەست و پلیان لەگەڵ رادیۆ هەیە، رۆژی هەینی رۆژی خۆیانە، لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان، وەك نەریتێكی ساڵانە، لەگەڵ رێكخراوی دیالۆگ و كلتور DCO و بەڕێوەبەرێتی راگەیاندن و بڵاوكردنەوەی سلێمانی، هەموویان کۆبوونەوە و ناشتاییەکیان کرد.
هەموویان لە رادیۆی سپێدە میوانداری کرابوون، لەو دانیشتنەدا ژمارەیەک لە رادیۆکانی سلێمانی بە نوێنەرایەتی سەرجەم رادیۆکان، پیرۆزبایی رۆژی جیهانی رادیۆ كرا كە رۆژی 13 ی شوباتە و رۆژی هەینی دەبێت.
وەک سەندیکا باسی کردووە، ئەمساڵ کێشەی رادیۆکانی سلێمانی لە رۆژی جیھانی رادیۆ قسەو باسیان لێوەكراو بە بەراورد بە كێشەكانی ساڵانی رابردوو دەركەوت كە بەشێك لە كێشەكان چارەسەر كراون، بەڵام هەندێكیان هەر بەردەوامن.
ئەوانیش، پەیوەستن بە کێشەکانی بورج و فلتەر و فریکیۆنسی و سیستمە نوێکانی پەخش.
سەندیکا دەڵێ، لەسەر ئەوە رێکەوتین کە رادیۆكان هاوكاربن بۆ ئەوەی بەرنامەی تایبەت بە نابینایان هەبێت و ژینگە و كێشە ژینگەییەكان زیاتر گرنگییان پێبدرێت، لقی سلێمانیش بەڵێنیی داوە، هەوڵی جددی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەبوونی ریكلام كە ئێستا رادیۆكان بەدەستیەوە دەناڵێنن.